هاوسەرگیریی دوو برای جمك و دوو خوشكی جمك

:: PM:12:52:24/06/2026 ‌
وەك میدیاكانی نێجیریا بڵاویان كردووەتەوە، جوانترین ئاهەنگی هاوسەرگیریی لە باشووری رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە ساز كراوە، تێیدا دوو برا كە جمكن، هاوسەرگیرییان لەگەڵ دوو خوشكی جمك كردووە، بۆیە زۆرترین رۆشنایی خراوەتەسەر ئەو ئاهەنگی هاوسەرگیرییە.

پێگەی "شەفەق نیوز" كە هەواڵەكەی لە "بی بی سی"ی یۆرۆپا وەرگرتووە و ئاماژەی داوە، "تایوو و كێهیندی گۆنتووی" كە دوو برای جمكن، هاوسەرگیرییان لەگەڵ "تایوو و كێهیندی ئەدیدیران" كە ئەوانیش دوو خوشكی جمكن كردووە، ئاهەنگێك بۆ ئەو هاوسەرگیرییە ساز كراوە كە میدیاكانی نێجیریا بە جوانترین ئاهەنگ باسی دەكەن.

گەلی یۆرۆپا كە زۆربەی دانیشتووانی باشووری رۆژهەڵاتی نێجیریا پێكدێنن، بەوە دەناسرێن كە زۆرترین جمكیان تێدایە، ئەوەیش لە تۆماری دایكبوون دیاری كراوە، بەڵام وەك میدیاكانی وڵاتەكە باسی دەكەن، ئەو زۆرینەیەی جمك لەو ناوچەیە، رێكەوتی نەكردووە دوو جمك لەگەڵ دوو جمكی تر لە یەك رۆژ و لە یەك ئاهەنگدا هاوسەرگیریی بكەن.

تایوو ئۆگۆتووی لە كاتی ئاهەنگەكەیان بۆ "بی بی سی" یۆرۆپا گوتی، ئێمە ژمارەیەكی زۆری جمك دەناسین، وا دەزانم ئەم هاوسەرگیرییە لەگەڵ دوو خوشكی جمك، ویستی خودای لەسەر بووە، چونكە لە سەرەتاوە من و براكەم خەونم بەوە دەبینی هاوسەرگیری لەگەڵ دوو خوشكی جمك بكەین.

ئەوەشی گوت كە بە ویستی خودا داواكارین من و براكەم لەگەڵ هاوسەرەكانمان، لە داهاتوودا خودا دوو منداڵی جمكمان پێ ببەخشێت.

لە ناو رۆشنبیریی گەلی یۆرۆپا، منداڵی جمك وەك بەرەكەت و پیرۆز تەماشا دەكرێت، بەپێی داونەریتی ئەو گەلە، ناوی جمكەكان یەكەمیان بە "تایوو" ناو دەنرێت واتە ئەوەی دنیا تاقی دەكاتەوە، ئەوی تریان "كێهیندی" واتە ئەوەی لە دوای یەكەم دێت.





وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د