ئاساییە مرۆڤ هەڵە بكات، بەڵام هەندێك هەڵە بە ئازارە، ماڵپەڕێكی توركی ئاماژە دەكات كە ژنێك لە پارێزگای بۆرسەی توركی بەهەڵە كیسێك زبڵ فڕۆ دەدات و نازانێت كە یەك كیلۆگرام زێڕی تیادا هەڵگیراوە و بەهاكەی شەش ملیۆن لیرەی توركییە، دەكاتە زیاتر لە 133 هەزار دۆلار.
وەك ماڵپەڕی
" TR Haber"ی توركی باسی كردووە، لە ئەنجامی ئەو كارە خێزانەكە پاشەكەوتی چەند ساڵەیان لەدەست داوە، كە بۆ كڕینی خانوو كۆیان كردووەتەوە، رووداوەكە لە ناوچەی ئاكجەلار لە پارێزگای بۆرسە رووی داوە، دوای رووداوەكە ئەو خێزانە پۆلیس و دەسەڵاتدارانی شارەوانیان لێ ئاگەدار كردووەتەوە و ئەوانیش دەستیان كردووە بە گەڕان بە دوای زێڕە ونبووەكە.
سیدیر كورناز سەرۆك خێزانەكە دەڵێت، هاوسەرەكەم كاتێك سەرقاڵی كاری پاككردنەوە بووە، وای زانیوە ئەو كیسە زبڵ و خاشاكە و فڕی داوەتە ناو حاویەی شەقامەكە، تا ئێستە نازانرێت كێ ئەو كیسەی بردووە، پۆلیس و شارەوانی لە رووداوەكە ئاگەدار كراون و سەیری تۆماری كامێراكانی چاودێری لە ناوچەكە دەكەن.