لەم چەند رۆژەی رابردوودا هونەرمەند تاریق تەلمسانی بەڕێوەبەری وێنەگرتنی بەشێك لە فیلمە سینەماییەكانی میسر، بەهۆی نەخۆشییەكی درێژخایەن بینایی لە دەست داوە و لە مردن نزیك بووەتەوە. هاوكات میدیاكانیش باس لەوە دەكەن كە ژمارەیەك هونەرمەندی ناودار لە كۆتایی ژیانیاندا بینایی چاوەكانیان لە دەست داوە بێ ئەوەی باس بكرێت.
پێگەی "
عەرەبیە" ئەمڕۆ دووشەم 29ی حوزەیران، لە هەواڵێكدا باس لەو هونەرمەندانە دەكات كە لە كۆتایی ژیانیاندا بینایی چاوەكانیان لە دەست داوە، بێ ئەوەی بكەونەبەر رۆشنایی میدیاكان، لەناویاندا ئەحمەد زەكی كە یەك لە ئەستێرە زۆر ناودارەكانی سینەمای میسری و عەرەبی بوو، كاتێك بەرلە مەردنی تووشی نەخۆشیی شێرپەنجە بوو و لە كۆتایی ژیانیدا، بینایی هەردوو چاوەكانی لە دەست دابوو، تا ئەوكاتەی لە نەخۆشخانەی تایبەتی شاری شێخ زاید كۆچی دوایی كرد.
پێگەكە ئاماژە بە هونەرمەند زەكی رۆستەمیش دەكات كە لە سینەمای میسریدا بە "كەسێكی شەڕانی" ناسرابوو، باس لەوە دەكات كە لە كۆتایی ژیانیدا تووشی نەخۆشی بوو و لە 1968دا بە تەواوی هەستی بیستنی لە دەست دابوو، ئەوكات لەناو ماڵەكەی بە تەنیا مابووەوە و تەنیا هاوڕێی سەگەكەی بوو، لە ساڵی 1972دا بینایی چاوەكانیشی لە دەست دا و لە دوای چەند رۆژێك كۆچی دوایی كرد.
دوای ئەوەیش باس لە هونەرمەندی ناودار عیماد حەمدی دەكرێ كە بەرلە مردنی بە ماوەیەكی كەم، بینایی چاوەكانی لە دەست دابوو، بەڵام خێزانەكەی ئەو هەواڵەیان بە نهێنی شاردبووەوە و رێگەیان نەدا میدیاكان پێی بزانن، دوای ماوەیەكی زۆر ئەوجا ئاشكرا كرا.
ئەنوەر وەجدی كە بە ئەستێرەی چل و پەنجاكان ناسرابوو، دوای ئەوەی گورچیلەكانی تووشی نەخۆشی بوو و ماوەیەكی زۆریش لە ئەوروپا چارەسەری وەردەگرت، بەڵام ئەنجامی نەبوو و تا گەیشتە ئەوەی بینایی چاوەكانی لە دەست بدات، ئەوەبوو لە ساڵی 1955 لە دوورەوڵاتی كۆچی دوایی كرد.
دواتریش پێگە عەرەبییەكە باس لە خاتوونە هونەرمەند عەقیلە راتب دەكات كە بەرلە مردنی تووشی نەخۆشییەكی درێژخایەن بوو، بەهۆیەوە بینایی چاوەكانی لە دەست دا، ماوەیەكی زۆریش بەو شێوەیە مایەوە و لە كاری هونەریی دوور كەوتەوە تا مردنی.