بۆ ئەوەی فێڵتان لێ نەكرێ.. چۆن بتوانن زێڕی ئەسڵی لە ساختە جیا بكەنەوە؟

:: AM:10:31:30/06/2026 ‌
بۆ ئەوانەی شارەزاییان لەبارەی زێڕ نییە كە ئایا ئەو زێڕەی بەردەستیان زێڕی ئەسڵە یان ساختەیە، پسپۆرانی بوارەكە هەندێك زانیاری لەوبارەیەوە بڵاو دەكەنەوە كە هەر لەناو ماڵەكەی خۆتاندا بە هەندێك پشكنین، بە ئاسانی دەتوانن زێڕی ئەسڵی لە ساختە جیا بكەنەوە.

پێگەی "شەفەق نیوز" لەوبارەیەوە زانیاریی لە پسپۆرانی زێڕ وەرگرتووە كە كەسی ئاسایی و ناشارەزا لە زێڕ و جۆرەكانی، چۆن بتوانێ زێڕی ئەسڵ لە ساختە جیا بكاتەوە نەك فێڵی لێ بكرێت. بەپێی زانیارییەكان هەندێك پشكنینی ئاسانی سەرەتایی بۆ جیاكردنەوەی زێڕی ئەسڵ لە ساختە هەر لە ماڵەكەی خۆتاندا دەكرێن، بۆ نموونە رەنگ و بریقەداری و هەندێك نیشانەی زێڕ هەن، بەئاسانی زێِڕی ئەسڵ لە ساختە جیا دەكرێتەوە.

بۆ ئەوەیش پسپۆرانی بوارەكە لەبارەی پشكنینە سەرەتاییەكان بۆ زانینی زێڕی ئەسڵ و جیاكردنەوەی لە ساختە دەڵێن، بەرلە هەر شتێك پێویستە سەرنج بخەنە سەر ئەو مۆرە بچووكەی لەسەر زێڕ هەیە كە ژمارەكانی 24 و 22 و 21 و 18ی لەسەرە.

هەروەها پشكنینێكی تریش بەكارهێنانی موگناتیسە، چونكە موگناتیس زێڕی ئەسڵ بۆ خۆی راناكێشێت. هاوكات تێبینیی رەنگ و بریقەداریی زێڕ بكرێت كە لە مادە زەردەكانی تردا زۆر جیاوازە. بۆ نموونە ئەگەر گومانتان لەسەر پارەچە زێڕێك هەبوو نەك ساختە بێت، دەتوانن رەنگ و بریقەدارییەكەی بەراورد بكەن لەگەڵ پارچەیەكی ئەسڵ.

پسپۆران باس لەوەش دەكەن كە زێڕی ئەسڵ، قورسترە لە زۆربەی ئەو مادە زەردانەی لە شێوەی زێڕ دروست دەكرێن. هەروەها پشكنین بە ئاو و سركە و سیرامیك كە هەر لە ناو ماڵدا دەكرێت، كاریگەرییان لەسەر زێڕی ئەسڵ نابێت.

دواتریش پسپۆران دووپات دەكەنەوە كە ئەو پشكنینانەی باسی دەكەین، تەنیا پشكنینی سەرەتایین و مەرج نییە 100% ئەنجامی تەواویان هەبێت، بۆیە باشترین رێگە بۆ دڵنیابوونەوە لە جیاكردنەوەی زێڕی ئەسڵ لە ساختە، پەنابردنە بۆ زێڕنگر یان هەر پسپۆرێكی بوارەكە، بەتایبەتی ئەگەر پارچە زێڕەكە گەورە و گران بێت، زیاتر لە ئەسڵییەكەی دڵنیا دەبنەوە.





وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د