توێژینەوەیەكی ئیسپانیی نوێ ئەوەی ئاشكرا كردووە كە تابلۆیەكی رۆنیی كە بەر لە 400 ساڵ شێوەكارەكە دروستی كردووە، هەڵسوكەوتێكی نامۆی شەمشەمەكوێرەی دەستنیشان كردووە كە بە روونی لە تابلۆكەدا دەبینرێت، لە كاتێكدا ئەو هەڵسوكەوتە نامۆیەی شەمشەمەكوێرە تا ئێستە ئاشكرا نەكراوە، تابلۆكە ئەوەی دەرخستووە.
پێگەی "
عەرەبیە" ئەمڕۆ چوارشەم یەكی تەمووز، هەواڵەكەی لە پێگەی "ساینس ئەلێرت" وەرگرتووە و تێیدا باس لەوە دەكرێت، تابلۆیەكی شێوەكاری كە یان برۆیگڵ وێنەكێشی فلمنكی لە ساڵی 1611ی زاینی كێشاویەتی، تێیدا وێنەی چەندان جۆری باڵندەی كێشاوە، لەناویاندا شەمشەمەكوێرە، بەڵام ئەوەی بەلای توێژەرانەوە سەیر و نامۆ بووە، وێنەی شەمشەمەكوێرەكە لە تالۆكەدا لە كاتی فڕین نێچیرێكی بە دەمەوە بووە كە ئەویش باڵندە بووە، لە كاتێكدا دەزانرێ شەمشەمەكوێرە لە كاتی فڕیندا راوی نێچیر ناكات، بۆیە توێژینەوە زیاتر لەسەر ئەوەبووە.
باس لەوە دەكرێ كە ئەوەی بەهۆی ئەو تابلۆیەوە ئاشكرا بووە، ئەوەیە جۆرێكی شەمشەمەكوێرە هەیە كە Nyctalus lasiopterus پێ دەگوترێ، تەنیا ئەو جۆرە دەتوانێ لە شەو و لە كاتی فڕیندا راو بكات، هەندێك باڵندەی كۆچەری هەن كە لە شەویدا دەفڕن، ئەوانە دەبنە نێچیری ئەو جۆرە شەمشەمەكوێرەیە.
لەبارەی راوكردنی ئەو جۆرە شەمشەمەكوێرەیە توێژەران دەڵێن، كاتێك باڵندە كۆچەرییەكان لە شەودا دەفڕن، ئەو شەمشەمەكوێرەیە هەر لە ئاسمان پەلاماریان دەكات و هەر لە ئاسمانیشدا بە ماوەی 20 خولەك دەیانخوات، بەر لەوەی بنیشێتەوە تەواوی ئەو باڵندەیە لە ئاسمان و لە كاتی فڕیندا دەخوات.
دواتریش توێژەران دەڵێن، ئەو خوو و هەڵسوكەوتەی ئەو جۆرە شەمشەمەكوێرەیە زۆر نامۆ و ناوازەیە كە تا ئێستە ئاشكرا نەكراوە، خۆی سێ جۆری شەمشەمەكوێرە هەن كە باڵندە دەخۆن، بەڵام تەنیا جۆری Nyctalus lasiopterus دەتوانێ لە كاتی فڕین و لە ئاسماندا، نێچیر كە باڵندەیە راو بكات و هەر لە ئاسمانیشدا بیخوات.