ڕوانگەیەكی ژینگەیی دووپات لەوە دەكاتەوە، هەر ڕۆژێك پلەكانی گەرما لە عێراق بۆ 50 و سەرووی 50 پلەی سیلیزی بەرز ببنەوە، ئەوا لەو ڕۆژەدا عێراق زیانی 150 ملیۆن دۆلاری پێ دەگات، بۆیە هۆشداریی دەدات كە ڕێگری لە وشككردنی بێستان و دارستانەكان و نەهێشتنی ناوچەی سەوز لە شوێنە جیاجیاكان بكرێت، بۆ ئەوەی پلەی گەرما لە هاویندا هێندە بەرز نەبێتەوە.
ڕوانگەی "
عێراقی سەوز" كە ڕێكخراوێكی ژینگەییە، لە ڕاپۆرتێكدا دووپاتی لەوە كردووەتەوە، عێراق ڕووبەڕووی زیادبوونی خێرای پلەی گەرمی بەهۆی گۆڕانی كەشوهەوا دەبێتەوە، لە كاتێكدا پێشتر بە ئەستەم پلەی گەرما سێ تا چوار ڕۆژ دەگەیشتە سەرووی 40 پلەی سیلیزی لە ساڵی 2010 و پێشتریش، بەڵام ئێستە 25 تا 40 ڕۆژ پلەی گەرما نەك هەر لە سەرووی 40 پلەیە، بگرە دەگاتە 50 پلەی سیلیزی لە ساڵێكدا، ئەمەیش واتەی زیادبوونی 800% پلەی گەرما لە ماوەی 15 ساڵ دەگەیەنێت.
ئاماژەی داوە، بەهۆی ئەو پلە بەرزەی گەرماوە، بارگرانیی زۆر لەسەر كارەبا دروست دەبێ و بەشێك لە كارگەكان دەوەستن لە كاركردن و بەنزین زیاتر خەرج دەبێت، هەروەها ئاستی بەرهەمهێنان لە كەرتی تایبەت و گشتی پاشەكشە دەكات، بۆیە هەر ڕۆژێك پلەی گەرما بگاتە 50 پلەی سیلیزی، ئەوا زیانی 150 ملیۆن دۆلار بە عێراق دەگات و ساڵانەیش دەگاتە نۆ ملیار دۆلار.
بەرزیی پلەی گەرما 60% درەختی چێنراوی سەر شەقامەكانی وشك كردووە، ڕێژەی هەڵكردنی گەردەلوولی خۆڵیش 70% بەرز بووەتەوە و تەنیا بەغدا بە ڕێژەی 85% باغ و بێستانەكانی لە دەست داوە.
لەبارەی هۆكارەكانیش بۆ زیادبوونی پلەی گەرما، گۆڕانی كەشوهەوا لە دنیا و زۆری سووتانی غازی كێڵگەكانی نەوت لە عێراق و بەردەوامی هەڵكردنی موەلیدە ئەهلییەكان، زۆربوونی چیمەنتۆ و تەلار لە شارەكان و كەمی ڕێژەی سەوزایی دەگەڕێتەوە.