لە مۆزەخانەی "ڕینیە لالیك" بۆ دروستكراوەكانی شووشەی دەگمەن و گەوهەری بەناوبانگ كە كەوتووەتە نزیك كارگەی دروستكردن، كە هەمان ناوی هەیە لە ڕۆژهەڵاتی فڕەنسا، توانرا بە بڕی نزیكەی چوار ملیۆن یۆرۆ كەلوپەلی گرانبەها بدزرێت.
سەرچاوەیەك دووپاتی كردەوە، نزیكەی 20 پارچە خشڵ و كەلوپەلی گرانبەها لە مۆزەخانەكە دزراون و تا ئێستەیش نرخی ئەو 20 پارچەیە بە تەواوی خەمڵاندنی بۆ نەكراوە، بەڵام بەلایەنی كەمەوە نرخەكەی لە نێوان دوو تا چوار ملیۆن یۆرۆ دەبێت.
مۆزەخانەكە كە لە 2011 كراوەتەوە، لە ڕاگەیەنراوێكدا داخستنی مۆزەخانەكەی بۆ چەند ڕۆژێك بۆ دووبارە ڕێكخستنەوە و پێداچوونەوە بە ڕێوشوێنی تەناهی ناو مۆزەخانەكە ڕاگەیاند.
بەگوێرەی زانیارییەكان، كەسێك یان زیاتر توانیویانە بچنە ناو مۆزەكە كە بەرهەمەكانی كارگەكەی لە ساڵانی 1860 تا 1945 لە ڕووبەڕووی 900 مەتری چوارگۆشە هەڵگیراوە، ڕاستەوخۆ بەرەو هۆڵی خشڵ و كەلوپەلە گرانبەهاكان ڕۆیشتوون و 20 پارچەیان لێ دزیوە.
زەنگی ئاگاداركردنەوە سەرەتا لێی داوە، بەر لەوەی كۆمپانیای سەكوێریتی لە زەنگەكە دڵنیا بێتەوە، كۆتایی هاتووە و بەیانیش كاتێك كارمەندێكی پاككردنەوە چووەتە شوێنی ڕووداوەكە، بینیویەتی و پێوەندی بە پۆلیس كردووە.