لە توێژینەوەیەكدا خێراترین جاڵجاڵۆكە لە دنیادا ئاشكرا دەكرێت

:: AM:09:37:07/07/2026 ‌
لە نوێترین توێژینەوەی گەورەدا كە تا ئێستە ئەنجام درابێت، توێژەران توانیویانە خێراترین جاڵجاڵۆكە لە دنیادا ئاشكرا بكەن، ئەوەیش دوای ئەوەی بەراورد بە 258 جاڵجاڵۆكەی تر، ئەو جاڵجاڵۆكەیان دۆزیوەتەوە و ئاشكرا كردووە.

پێگەی "عەرەبیە" كە لە پێگەی "ساینس ئەلێرت" وەرگرتووە و بڵاوی كردووەتەوە، تیمێك لە توێژەران بە كامێرای زۆر پێشكەوتوو، ئەو توێژینەوەیەیان ئەنجام داوە و بە جۆرێك جاڵجاڵۆكە گەیشتوون بە خێراییەكەی، رێك بە رۆیشتنی مرۆڤ دەگات ئەگەر بە خێرایی بڕوات، واتە بە ئاسانی دەتوانێ بە رۆیشتنی مرۆڤ بگات. 

لەبارەی ئەو جۆرە جاڵجاڵۆكەیە ئاماژە دراوە، بە راوكەر ناو دەبرێت و پێی دەگوترێت Huntsman Spider و لە ویلایەتی كوینزلاندی ئوسترالیا دەژی.

لەبارەی خێراییەكەی توێژەران باس لەوە دەكەن، لە ماوەی چركەیەكدا دەتوانێ زیاتر لە سێ مەتر و نیو ببڕێت، ئەوەش دەكاتە 13 كلیۆمەتر لە سەعاتێكدا، واتە دروست دەگاتە رۆیشتی خێرای مرۆڤ یان نیمچە راكردنی لەسەرخۆ.

ئاماژە بەوە دەدرێ كە بەرلەوەی ئەو جاڵجاڵۆكە نوێیە بدۆزرێتەوە، خێراترین جاڵجاڵۆكە لە دنیادا جۆری "فلیك- فلاك"ی مەغریبی بوو، ئەو جۆرەیان لە چركەیەكدا دەیتوانی نزیكەی دوو مەتر ببڕێت، واتە زۆر كەمتر لەو جاڵجاڵۆكە نوێیەی كە ئێستە لە دنیادا بە خێراترین جاڵجاڵۆكە ناو دەبرێت.


وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د