پەرلەمانی فڕەنسا یاسای "هاوکاریکردن لەسەر مردن"ـی پەسند کرد

:: PM:09:57:15/07/2026 ‌
پەرلەمانی فڕەنسا، ئەمڕۆ چوارشەم 15ی تەمووزی 2026، یاسای "هاوکاریکردن لەسەر مردن"ـی پەسند کرد، کە ڕێگە بەو نەخۆشە پێگەیشتووانە دەدات کە مەرجە دیاریکراوەکانیان تێدایە، بۆ ئەوەی هاوکاری بکرێن تا کۆتایی بە ژیانیان بهێنن.

ئەم یاسایە کە بۆ چەندین ساڵ تەوەری مشتومڕێکی بەرفراوانی سیاسی، ئەخلاقی و ئایینی بوو لە فڕەنسا، بە دیارترین چاکسازیی کۆمەڵایەتی دادەنرێت کە کەمتر لە ساڵێک پێش کۆتاییهاتنی خولی دووەمی سەرۆکایەتیی ئیمانوێل ماکرۆن پەسند دەکرێت.

یاسا نوێیەکە بۆ یەکەمین جار ڕێگە بەو نەخۆشە پێگەیشتووانە دەدات کە تووشی نەخۆشییەکی کوشندە و بێهیوا بوون و هەڕەشە لە ژیانیان دەکات، هاوکات توانای ئەوەیان هەیە بە ئازادی و هۆشیاریی تەواوەوە گوزارشت لە خواستی خۆیان بکەن، کۆتایی بە ژیانیان بهێنن یان مردنی بەزەییانە (بە ئارامی) بەدەست بهێنن.

لە یاساکەدا هاتووە کە پزیشکێک بەرپرسیار دەبێت لە دڵنیابوونەوە لە جێبەجێبوونی مەرجەکان لەلایەن نەخۆشەکەوە، پێش ئەوەی لیژنەیەکی پزیشکی هەڵسەنگاندنێکی بەکۆمەڵ بۆ دۆسیەکە بکات، بەڵام لە کۆتاییدا پزیشکەکە بەتەنیا بڕیاری کۆتایی دەدات.

یاساکە مافی ئەوە بە نەخۆش دەدات کە لە هەر کاتێکدا بیەوێت لە داواکارییەکەی پاشگەز ببێتەوە. هەروەها دەبێت نەخۆشەکە بەخۆی مادە کوشندەکە بخوات، تەنیا لە حاڵەتێکدا نەبێت کە بەهۆی کێشەی جەستەیییەوە نەتوانێت ئەو کارە بکات، لەو کاتەدا پزیشکێک یان پەرستارێک دەتوانێت کارەکە بگرێتە ئەستۆ.

یاسادانەران چەند مەرجێکی سەرەکییان بۆ سوودمەندبوون لەم مافە دیاری کردووە، کە دیارترینیان بریتین لە:

مەرجی یەکەم: دەبێت ئەو کەسەی داوای "هاوکاریکردن لەسەر مردن" دەکات پێگەیشتوو بێت، هەڵگری ڕەگەزنامەی فڕەنسی بێت یان بەشێوەیەکی یاسایی لە فڕەنسا نیشتەجێ بێت، و لە تەواوی هۆشی و توانای عەقڵیی خۆیدا بێت. هەروەها دەبێت نەخۆشییەکەی مەترسیدار و بێهیوا بێت بۆ چارەسەر، و بە هۆشیارییەوە داوای ئەو هاوکارییە بکات.

مەرجی دووەم: ئەو پزیشکەی داواکارییەکەی پێ دەگات، دەبێت پێش بڕیاردان ڕاوێژ بە هاوپیشەکانی بکات. پێویستە دڵنیا ببێتەوە لەوەی نەخۆشەکە بە ئیرادەی ئازادی خۆی و بەبێ هیچ فشارێکی دەوروبەرەکەی ئەو بڕیارەی داوە، و باری تەندروستییشی بێهیوایە.

مەرجی سێیەم: لە کاتی ڕەزامەندیی پزیشک لەسەر داواکارییەکە، مۆڵەتی 48 سەعات بە نەخۆشەکە دەدرێت بۆ ئەوەی بیروڕای خۆی بگۆڕێت یان داواکارییەکەی بکێشێتەوە. ئەگەر پاشگەز نەبووەوە، پرۆسەکە بەپێی پرۆتۆکۆلێکی توندی پزیشکی، و بە ئامادەبوونی ئەندامانی خێزانەکەی ئەگەر خۆی بیەوێت، جێبەجێ دەکرێت.

مەرجی چوارەم: دەبێت پرۆسەکە لەژێر چاودێریی پزیشکیدا بێت، دەکرێت لە ماڵی نەخۆشەکە، لە نەخۆشخانە یان نۆرینگە ئەنجام بدرێت، بەپێی ئارەزووی خۆی. نەخۆش مافی هەیە کێ ئامادەی پرۆسەکە دەبێت دیاری بکات، و دەتوانێت لە هەر کاتێکدا تا چەند ساتێک پێش خواردنی مادە کوشندەکەش بڕیارەکەی هەڵبوەشێنێتەوە.

مەرجی پێنجەم: دوای گیانلەدەستدان، دۆسیە پزیشکییەکە ڕەوانەی لیژنەیەک دەکرێت کە پێک دێت لە پزیشکان، پەرستاران و شارەزایانی یاسایی بۆ پێداچوونەوە بە ڕادەی ڕێزگرتن لە ڕێکارەکان. ئەگەر هەر گومانێک هەبێت، دۆسیەکە ڕەوانەی سەندیکای پزیشکان و داواکاری گشتی دەکرێت بۆ کردنەوەی لێکۆڵینەوەی دادوەری.



وشە - پۆڵا مەحموود