داوا لە هاووڵاتییان دەكرێ ئەوەی گیانداری دڕندە و كێویی هەیە رادەستی حكوومەتی بكات

:: AM:09:34:18/07/2026 ‌
وەزارەتی ژینگەی عێراق لە بەیاننامەیەكدا بۆ ئەو هاووڵاتییانەی گیانداری دڕندە و كێوی لە ماڵەكانیان بەخێو دەكەن رای گەیاند، ئەو گیاندارانە لە بنچینەوە راوكردنیان قەدەغەیە، بۆیە پێویستە بە زووترین كات رادەستی ژینگەی عێراق بكرێنەوە، ئەگەر نا سزای بەدوادا دەبێت.

پێگەی "شەفەق نیوز" رۆشنایی خستووەتەسەر بەیاننامەكەی وەزارەتی ژینگەی عێراق كە شەوی رابردوو بە فراوانی بڵاو بووەتەوە، تێیدا داوای لەو هاووڵاتییانەی گیانداری دڕندە و كێوی لە ناو ماڵەكانیان بەخێو دەكەن، كە ئەو جۆرە گیاندارانە بەپێی بڕیاری وەزارەتی ژینگە راوكردنیان لە بنچینەوە قەدەغەیە، لە ماوەی 10 رۆژدا ئەو گیاندارانە رادەستی ژینگە بكەنەوە، بە پێچەوانەوە لەهەر شوێنێك ئەو گیاندارانە هەبێت، دەستی بەسەردا دەگرن و خاوەنەكەیشی بەپێی یاسای عێراقی سزا دەدرێت.

ئەو وەزارەتە زیاتر دەڵێت، خۆ ئەگەر بەخێوكاری ئەو جۆرە گیاندارانە بەویستی خۆی گیاندارەكە رادەستی بە ژینگە بكەنەوە، بێگومان دوور دەبن لە لێپرسینەوە و سزادان.

ئەو هەنگاوەی وەزارەتی ژینگەی عێراق دوای ئەوە دێت كە ماوەیەكە خەڵكێكی زۆر هەن، لەناو ماڵەكانیان گیانداری دڕندە و كێوی بەخێو دەكەن، هەندێك لەوانەیش لە قۆناغی لەناوچووندان كە راوكردنیان قەدەغە كراوە، بۆیە گرنگە كۆمەڵگە لە مەترسیی ئەو دیاردەیە دوور بكەوێتەوە و هاوسەنگیی ژینگەیی بپارێزرێت.

ئاماژە بەوە دراوە كە ئەو رێنوێنوییانە لەسەر حومكەكانی مادەی/18 دووەم و سێیەم لە یاسای پارێزگاری و پاككبوونەوەی ژینگەی ژمارە 27ی ساڵی 2009، هەروەها رێككەوتنی سایتس ژمارە 29ی ساڵی 2012دا هاتووە.





وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د