لە میانەی سەردانەكەی شاندی عێراق بۆ ئەمەریكا لە هەفتەی رابردوو، دەستەی راگەیاندن و پێوەندییەكانی عێراق لەگەڵ كۆمپانیای ستارلینكی ئەمەریكی رێگەپێدانێكیان بەو كۆمپانیا بۆ كاركردن لە عێراق واژوو كرد، بۆ پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریی ئینتەرنێت لە عێراق، ئەوەش مشتومڕی دروست كرد، هەندێك بە هەنگاوێكی باشی دەزانن بۆ چارەسەركردنی لاوازی و خراپیی تۆڕی ئینتەرنێت، هەشە وریایی دەدات بەوەی تۆڕی پێوەندییەكان لە عێراق و زانیارییەكان دەكەوێتە ژێر دەسەڵاتی كۆمپانیاكە، واتە عێراق سیادەی دیجیتاڵی لەدەست دەدات.
لەوكاتەی دەستەی راگەیاندن و پێوەنییەكانی
عێراق ئەو هەنگاوە بە باش دەزانێت بۆ فرەوانكردنی خزمەتگوزاریی ئینتەرنێت لە عێراق، بۆ هاووڵاتی و كۆمپانیاكان، بەتایبەتی لە ناوچە دوورەدەستەكان و گۆڕانكاری و پەرەسەندنێكی دیجیتاڵییە و وەبەرهێنان بۆ كەرتی پێوەندیكردنی عێراق رادەكێشێت، نەورەس عارف شارەزا لە بواری پێوەندیكردن دەڵێت، هاتنی ستارلینك بۆ عێراق، هەنگاوێكی پێویستە بۆ نوێكردنەوەی كەرتی پێوەندیكردن، چونكە ناكرێت لە پشتبەستنی تەواوەتی بە تۆڕی سنوورداری زەوینی بەردەوام بین، لەوكاتەی وڵاتانی ناوچەكە روو لە جۆراوجۆركردنی سەرچاوەی ئینتەرنێت و سوودبینین لە مانگە دەستكردەكان دەكەن.
زیاتر گوتی، ئەو خزمەتگوزارییە زۆر گرنگە، بەتایبەتی بۆ ناوچە دوورەدەست و گوند و كێڵگە نەوتی و دەروازە سنوورییەكان، بۆ ئەو دامەزراوانەی بە زەحمەت ئینتەرنێتیان بە كێبڵ پێ دەگات، بەهۆی هاتنی ئەو كۆمپانیایە، كۆمپانیاكانی تری ئینتەرنێت هەڵناوەشێنەوە، واتە نابێتە شوێنگرەوەی تەواوەتی كێبڵەكانی رووناكیی ناو شارەكان، بەڵام ركابەری دروست دەكات و كۆمپانیاكانی ئێستە هەن خزمەتگوزارییەكانیان باشتر دەكەن و نرخەكانیان كەم دەكەنەوە.