ئاگر دارستانەكانی فڕەنسای تەنیوە و بە خێرایی تەشەنە دەكات

:: AM:09:36:22/07/2026 ‌

لە دوێنێوە ئاگرێكی گەورە لە دارستانەكانی باشووری ڕۆژهەڵاتی فڕەنسا كەوتووەتەوە و بە خێرایی بڵاو دەبێتەوە، تا ئێستە هەزار 700 هێكتار ناوچەی دارستانی گڕی گرتووە و بە سەتان هاووڵاتییان لە زێدی خۆیان گوازراونەتەوە.

سیمۆن بایر پارێزگاری هەرێمی ڤار گوتی، ئاگرەكە زۆر بە خێرایی تەشەنه دەكات، لە لووتكەی چیای گرو بیسیۆن بەرەو خوارەوە دێ و بڵاو دەبێتەوە، سەرەڕای ئەوەی خێرایی با كەمی كردووە، بەڵام ئەمە نەبووەتە هۆی كەمبوونەوەی فراوانبوونی ئاگرەكە.

دەسەڵاتدارانی ناوچەكە تا ئێستە سێ شارەدێی ناوچەكەیان خستووەتە لیستی ناوچە هەڕەشە لەسەرەكان و 300 تا 400 هاووڵاتیش لە شوێنی خۆیان گوێزراونەتەوە، چونكە ماڵەكانیان كەوتووەتە نزیك شوێنی كەوتنەوەی ئاگرەكە.

هاوكات تیمەكانی ئاگركوژێنەوە لە ئاسمانەوە دەستیان بە هەڵمەتێكی چڕی كۆنترۆڵكردنی ئاگرەكە و ڕێگرتن لە فرەوانبوونی زیاتری كردووە و تا ئێستەیش لە هەوڵەكانیان بەردەوامن.

تا ئێستە بەهۆی ئاگرەكەوە دوو لە كارمەندانی ئاگركوژێنەوە گیانیان لە دەست داوە، حكوومەت هۆشداریی توندی داوە كە لە ڕۆژانی داهاتوو خێرایی با زۆر زیاتر دەبێ و دەبێتە هۆی تەشەنەكردنی زیاتری ئاگرەكە، بۆیە سەرجەم تواناكانی خۆی خستووەتەگەڕ تا بە خێرایی ئاگرەكە كۆنتڕۆڵ بكرێت.


وشە - باز ئه‌حمه‌د