كۆمپانیای مێتا كە خاوەنی تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبووكە ڕای گەیاند، خزمەتگوزاریی پشتڕاستكردنەوە بە خۆڕایی بۆ بەكارهێنەرانی بەردەست دەكات، ئەمەش بۆ ناسینەوە و جیاكردنەوەی مرۆڤی ڕاستەقینە لە هەژماری ساختە و ژیریی دەستكرد.
بەگوێرەی ڕاگەیەنراوێكی كۆمپانیاكە، خزمەتگوزارییەكە لە ڕێگەی پرۆسەیەكی پشتڕاستكردنەوەی كەسییەوە چالاك دەكرێت، تێیدا بەكارهێنەر سێڵفییەكی ڤیدیۆیی كورتی خۆی دەگرێت و ئەپلۆدی دەكات. دواتر مێتا پێداچوونەوەی بۆ دەكات و بڕیار لەسەر ئەوە دەدات كە ئاخۆ كەسەكە ڕاستەقینەیە یان بە ژیریی دەستكرد دروست كراوە.
مێتا دەڵێت، ئەو خزمەتگوزارییە تەواو خۆڕاییە، بەڵام بۆ كەسانی سەرووی 18 ساڵە و هەژمارەكان پێویستە متمانەی كۆمپانیاكە بەدەست بهێنن و لەگەڵ ڕێساكانی سەلامەتی بگونجێن.
لە كاتی پەسندكردنی لەلایەن مێتاوە، هەژماری فەیسبووكەكەت ڕاستەوخۆ باجێكی لەسەر دەردەكەوێت، تێیدا پشتڕاستی دەكاتەوە لەلایەن كەسێكی ڕاستەقینەوە بەڕێوە دەبرێت و ژیریی دەستكرد یان ساختە نییە.