میدیاكانی ئیتاڵیا بڵاویان كرده‌وه، كه له ئه‌نجامی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی پۆلیس و خۆپێشانده‌ران تا ئێسته 60 پۆلیس برینداربوون، هۆكاری خۆپێشاندان و ڕووبهڕووبوونهوهكهیش بۆ ناڕه‌زایی خه‌ڵك له دروستكردنی هێلێكی شه‌مه‌نده‌فه‌ری خێرا له نێوان تۆرینو بۆ لیۆن له باكوری ئیتاڵیا ده‌گه‌ڕێته‌وه.
به گوێره‌ی ڕاپۆرتی ڕۆژنامه‌ی "كورییری دیلا سێرا"ی ئیتاڵی، نزیكه‌ی 20 هه‌زار كه‌س به‌شداری خۆپێشاندانیان له ژێر دروشمی "نا بۆ شه‌مه‌نده‌فه‌ری خێرا" كردووه و كۆبوونه‌ته‌وه بۆ ده‌ربڕینی ناڕه‌زایی له دژی دروستكردنی هێلی ئاسنینی شه‌مه‌نده‌فه‌ری زۆر خێرا.
دوای ماوه‌یه‌ك كه‌م له
خۆپێشاندان و ناڕه‌زایی، به‌شدارانی خۆپێشاندانه‌كه ده‌ستیان به هێرشكردنه سه‌ر شوێنی دروستكردنی هێلی ئاسنین و ئه‌و تونێلانه‌ی بۆی دروست ده‌كرێن له ناوچه‌ی كیومۆنت كرد.
خۆپێشانده‌ران په‌رژینی ده‌وروبه‌ری ناوچه‌كانی بنیاتنانیان تێپه‌ڕاند و چوونه شوێنه‌كه و به ته‌واوی په‌شێویان نایه‌وه، به به‌رد و یاری ئاگرین و شووشه‌ی پڕ له به‌نزینی مۆلۆتۆڤ په‌لاماری شوێنه‌كه‌یان دا و زیانیان به چوار ئۆتۆمبێلی پۆلیس گه‌یاند.
پۆلیس به زه‌بری هێزی ئاو و گازی فرمێسك‌ڕێژ هه‌وڵی بڵاوه‌پێكردنی خۆپێشانده‌رانی دا، به‌ڵام ئه‌مه به‌س نه‌بوو، چونكه خۆپێشانده‌ران به ته‌واوی خۆیان ئاماده كردبوو، به‌وهۆیه‌وه جووڵه‌ی شهندهفهرهكانی نێوان شاری بۆسۆلینۆ و بۆرگۆنی به‌شێوه‌یه‌كی كاتی وه‌ستا و شه‌قامی خێرای هاتوچۆی ئۆتۆمبێله‌كانیش په‌كی كه‌وت.
پرۆژه‌ی هێلی ئاسنینی زۆر خێرا له‌لایه‌ن یه‌كێتی ئه‌وروپاوه پشتیوانی ده‌كرێ و شاری تۆرینوی ئیتاڵیا به لیۆنی فڕه‌نسا به ژێر زنجیره چیاكانی ئه‌لب به‌یه‌كه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه و درێژییه‌كه‌ی 57 كیلۆمه‌تره و گوژمه‌كه‌ی 26 ملیار یۆرۆیه.