یەكەم وێنە و زانیاری لەبارەی مۆبایلی ترەمپ بخوێنەوە

:: PM:01:48:07/02/2026 ‌
بەرپرسانی جێبەجێكاری كۆمپانیای ترەمپ بۆ مۆبایل ئاشكرایان كرد، یەكەم مۆبایلی ترەمپ كارەكانی بەرەو كۆتایی دەچن كە بە مۆبایلی تی وەن ناسراوە، ماوەیەكی زۆرە چاوەڕوانی تەواوبوونی كارەكانی دەكرێت.

ئەو مۆبایلەی كۆمپانیای ترەمپ بۆ مۆبایل بەرهەمی هێناوە، گۆڕانكاریی زۆر لە دیزاینەكەی كراوە، ئێستەیش بە دیزاینێكی جیاوازەوە دەركەوتووە، ئێستە لەسەر ماڵپەڕی تی وەن خراوەتە ڕوو بۆ فرۆشتن. دوو بەرپرسی كۆمپانیاكەی ترەمپ بۆ مۆبایل كە بە ڤیدیۆ قسەیان بۆ ماڵپەڕی (زە ڤێرج) كردووە و لە میانەی گفتوگۆ ڤیدیۆییەكە مۆبایلەكەیان پێشان داوە و خستوویانەتە ڕوو، ئەمەیش هەموو ئەو دەنگۆیانەی ڕەت كردەوە كە باسیان لەوە دەكرد، خستنەبازاڕی مۆبایلێك بە ناوی ترەمپەوە تەنیا پروپاگەندەیە و ڕاستی لە پشتەوە نییە، هۆكارەكەیشی بۆ ئەوە دەگەڕاوە كە بڕیاربوو لە كۆتایی ساڵی 2025 مۆبایلەكە بخرێتە بازاڕەوە، بەڵام بەهۆی نوێكردنەوە و باشتركردنی ئەم كارە دواخرا.

تا ئێستەیش پێگەی فەرمی ئەو مۆبایلە نوێیە لە ئینتەرنێت نووسیویەتی كە لە داهاتوویەكی نزیكی ئەمساڵ مۆبایلەكە دەكەوێتە بازاڕەوە، ئەمەیش هەمان ئەو پەیامەیە كە ساڵی پێشوویش كۆمپانیای ترەمپ بۆ مۆبایل لە پێگەی خۆی نووسیبووی و رێكلامی بۆ دەكرد.

كۆمپانیاكە بە شانازییەوە نووسیویەتی، مۆبایلەكە 100% بەرهەمی ئەمەریكایە و هەموو شتێكی لە ئەمەریكا بەرهەم هێنراوە و ئامادە كراوە، لە ماڵپەڕی فەرمیش بۆ دانانی نۆرە تا ئەو مۆبایلە لەگەڵ خستنەبازاڕی بێتە كڕین، بڕی 100 دۆلار لە هەر كەسێك وەردەگیرێت كە ناوی خۆی بۆ كڕینی تۆمار بكات.

تایبەتمەندییەكانی مۆبایلەكە بریتییە لە شاشەیەكی ئەمۆلید بە قەبارەی 6.25 بسە و كامێری پشتەوە و سەرەكی، ڕوونییەكەی 50 مێگاپێكسل بە دوو هاوێنەی بە ڕوونی دوو مێگاپێكسل و كامێرای پێشەوەیش بە ڕوونی 16 مێگاپێكسل و پاترییەكی پێنج هەزار میلی ئەمپێر و پەنجەمۆر و ڕووخسار و توانای هەڵگرتنی 256 گێگابایت.


وشە - باز ئه‌حمه‌د