زۆر لە خەڵك دەپرسن لەوكاتەی كە مۆبایلەكانیان لەسەر شەحن دادەنێن، بەكارهێنانی و كارپێكردنی مۆبایلەكە زیانی بۆ پاتری و پرۆسەی شەحنكردنەوەی مۆبایلەكە هەیە؟ ڕاستییەكە ئەوەیە كە ئەم كارە هیچ زیانێك بە پاتری مۆبایل ناگەیەنێت، بەڵام گەرم دەبێت و ئەو گەرمییە زیانی هەیە.
شارەزایان نایشارنەوە كە سەرەڕای ئەوەی كارپێكردنی مۆبایل لە كاتی شەحن زیانی نییە، بەڵام دۆخێكی خراپ بۆ سەر ماوەدرێژی تەمەنی پاترییەكە دروست دەكات و دەبێتە هۆی داخورانی پاترییەكە، چونكە لە دۆخێكی وەرگرتن و دانەوەی وزەدایە، ئەمەیش وا دەكات كە مۆبایلەكان گەرم دابێن، بەمشێوەیەیش تەمەنی پاترییەكە كەمتر دەبێت.
زۆرینەی ڕەهای مۆبایلەكانی ئێستە بە پاتری لیسیۆم ئایۆن دەخرێنە بازاڕەوە، بەجۆرێك دیزاین كراوە شەحن بكرێ و بەشێكی بەتاڵ ببێتەوە بێ هیچ كێشەیەك، نیگەرانیی سەرەكی ئەو گەرمییە كە لە ئەنجامی شەحنكردن و بەكارهێنانی مۆبایل دروست دەبێت، كە بە دڵنیاییەوە ئەمە هەستێكی ناخۆش لای هەموو كەس دروست دەكات.
ئەمەیش لە كاتێكدا ڕوو دەدات، كاری قورس بە مۆبایلەكە ئەنجام بدەین لەوكاتەی كە شەحنی دەكەینەوە، بەتایبەت یاریكردن و سەیركردنی ڤیدیۆ و بەكارهێنانی ئەو ئەپانەی كە وزەیەكی زۆر خەرج دەكەن. بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی مۆبایلەكە بە بەردەوامی و زوو زوو دەبێتە هۆی تێكچوونی تەواوەتی پاتری مۆبایلەكەتان، بۆیە پێشنیاز دەكرێ كە ئەم كارە ئەنجام نەدەن و لە كاتی بەكارهێنانی مۆبایل شەحنی مەكەنەوە، یان لە كاتی شەحنكردنەوە مۆبایل بەكار مەهێنن.