ئەوەیان فیلمێكی هیندستانی نییە و چیڕۆكێكی راستەقینەیە، شوكریە حەمەعەزیز، ژنێكی دانیشتووی شارۆكەی شارەزوورە لە پارێزگەی سلێمانی، دوای نیو سەتە لە سۆراغ و گەڕان، كەسوكارەكەی لە شاری كەربەلا دەدۆزێتەوە.
لەمبارەیەوە عەبدولڕەحمان حەمەعەزیز، برای ئەو ژنە بە "وشە"ی گوت، شوكریە زڕخوشكی منە، باوكم لە پارێزگەی دیوانیەی خوارووی عێراق سەرباز بووە، پێش 50 ساڵ هاوسەرگیری لەگەڵ دایكی شوكریە كردووە و گەراونەتەوە بۆ شارەزوور.
زیاتر دەڵێت، رۆژێك كە دەیانەوێ بە سەردان بچنەوە دیوانیە، لە نزیك شارۆكەی دەربەندیخان تووشی رووداوی هاتوچۆ دەبن، دایكی شوكریە و برایەكی گیان لەدەست دەدەن، دوای رووداوەكە باوكم شوكریە دێنێتەوە بۆ شارەزوور، باوكم دووبارە هاوسەرگیری دەكاتەوە و شوكریەش لەگەڵ ئێمە دەژی و لێرە بەردەوامی بە ژیانی دەدا و ئێستە لە شارەزوورە.
حەمە عەزیز روونی كردەوە، ئیتر شوكریە لە كەسوكاری دادەبڕێت، تا لەو ماوەیەدا كەسوكارەكەی زۆر سۆراغی دەكەن، دواجار لەم رۆژانەدا بەهۆی چەند كەسێكەوە لە دەربەندیخان یەكتری دەدۆزنەوە، كەسوكارەكەی كە لە كەربەلا دادەنیشن و لە عەشیرەتی جبوورن، ئێستە لە شارەزوورن و سەردانی شوكریەیان كردووە و بە یەكتر شادبوونەتەوە.
شارۆكەی شارەزوور بە دووری 32 كێلۆمەتر دەكەوێتە رۆژهەڵاتی پارێزگەی سلێمانی، ژمارەی دانیشتووانی نزیكەی 60 هەزار كەسە.
سلێمانی/ ئاسان محەمەد