لە سەرەتای ئەمساڵەوە دوو هەزار و 500 پەناخواز لە دەریای ناوەڕاست خنکاون

:: AM:10:13:29/09/2023 ‌
کۆمیساریای باڵای رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران رای گەیاند لە سەرەتای ئەمساڵەوە خەڵکێکی زۆر هەوڵیان داوە لە دەریای ناوەڕاستەوە بەرەوە ئەوروپا بپەڕنەوە بەڵام بە هەزاران کەس لەم رێگایە خنکاون یان بێسەروشوێنن.

بەپێی ئاماری نووسینگەی UNHCR لە نیۆیۆرک لە سەرەتای ئەمساڵەوە دوو هەزار و 500 پەناخواز لە کاتی پەڕینەوە بەرەو ئەوروپا لە دەریای ناوەڕاست خنکاون یان بە هەر هۆکارێک گیانیان لەدەست داوە.

ئامارەکە دەری دەخات بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو ژمارەکە بە رێژەیەکی بەرچاو زیادی کردووە. ساڵی رابردوو تا کۆتاییەکانی مانگی ئەیلوول هەزار و 680 کەس لە دەریای ناوەڕاست خنکابوون.

رێکخراوەکە باسی لەوە کردووە زۆربەی قوربانییەکان هی رێڕەوی کیشوەری ئەفریقا بەرەو کیشوەری ئەوروپان و رێگاکە زۆر مەترسیدارە و بەشێک لە پەناخوازان هەرگیز بەشوێنی مەبەستیان ناگەن.

ژمارەی ئەو پەناخوازانەی گەیشتوونەتە باشووری ئەوروپا و ئیتاڵیا بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵێک پێشتر 83% زیادی کردووە و ئەمەش دەیسەلمێنێت شەپۆلی پەناخوازان و کچبەران لە ئەفریقاوە بەرەو ئەوروپا بە خێرایی لە زیادبووندایە.

ساڵی رابردوو 130 هەزار پەناخواز خۆیان گەیاندبووە ئیتاڵیا و 56  هەزار کەسی تریش خۆیان گەیاندبووە یۆنان و قوبرس و مالت. توونس و لیبیا لەو وڵاتانە بوون کە زۆرترین پەناخواز لێیەوە هەوڵیان داوە بەرەو ئەوروپا بپەڕنەوە.


وشە - سلێمان تاشان