بە جیاوازییەكی زۆر لەچاو ساڵانی رابردوو، سەرباری وشكەساڵی و وشكبوونی سەرچاوە ئاوییەكان، پارێزگای دیالە زۆرترین حالەتی گیان لە دەستدان و خنكانی بەخۆیەوە بینیوە كە ئەمەیش وایكردووە ژمارەی پێوانەیی بشكێنێت.
رووبار و چەمەكانی دیالە سەرباری ئەوەی دووچاری وشكبوون هاتوون، بەڵام ئەمساڵ زۆرترین رێژەی خنكانی تێدا تۆمار كراوە و چاوەڕێ دەكرێ حالەتی خنكان لە ساڵی ئایندە رێژەكەی كەمبێتەوە، بەهۆی كەمبوونەوەی ئاوو و وشكبوونی چەم و سەرچاوە ئاوییەكانی.
سەرەرای قەیرانی سەختی وشكەساڵی و وشكبوونی زیاتر لە 20 سەرچاوەی ئاویی كشتوكاڵی پارێزگای دیالە، بەڵام هاوینی ئەمساڵ زۆرترین رێژەی خنكانی گەنجان و گەشتیارانی بەخۆیەوە بینی لەوەتەی ساڵی 2003ەوە.
40 قووربانی لە ماوەی ساڵی 2023دا
فارس عەزاوی گوتەبێژ بەناوی تەندروستی دیالە بە پێگەی "بەغداد یەوم"ی راگەیاند، حالەتی خنكان لەمساڵدا گەیشتووەتە 40 كەس كە زیاتر لە نیوەی قوربانییەكان تەمەنی خوار 18 ساڵین، ئاماژەی بەوەیش كرد، ئەمە زۆرترین رێژەی خنكانە تۆمار كرابێت لە دوای ساڵی 2003ەوە.
گوتەبێژی تەندروستی دیالە روونی كردەوە، سەرباری هۆشداری بەردەوامی دەزگا پێوەندارەكان و تەندروستی، بەڵام رێژەی خنكان و قووربانی مەلەكردن لە رووبار و چەمەكانی دیالە بەرەو بەرزبوونەوە رۆیشتوون.
پێشتریش بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی دیالە رای گەیاند تەنیا لە یەكەم هەشت مانگی ئەمساڵدا زیاتر لە 30 حالەتی خنكان لە چەم و رووبار و سەرچاوە ئاوییەكانی دیالە تۆمار كراون، كە زیاتر لە نیوەیان نەگەیشتوونەتە تەمەنی 15 ساڵی.
جێگەی ئاماژەیە، ساڵانە پارێزگای دیالە بە چەم و رووبار و سەرچاوە ئاوییەكانی، تەنیا 18 تا 25 حالەتی خنكانی تێدا تۆمار دەكرێت و ئەم ژمارەی ئەمساڵ شكاندنی ژمارەی پێوانەییە لە دوای ساڵی 2003ەوە.