هەولێر.. تەرمی گەنجێكی عەرەب بە كوژراوی دۆزرایەوە

:: PM:05:50:08/12/2023 ‌
لە گەڕەكی خانەقای هەولێر، تەرمی گەنجێكی 33 ساڵی عەرەبی نیشتەجێی هەولێر دۆزراوەتەوە، زانیارییە سەرەتاییە نافەرمییەكان ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن، بە "بلۆك" كوژرابێت. 

پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی هەشتی كانوونی یەكەمی 2023، لە گەڕەكی خانەقای هەولێر هێزە تەناهییەكانی هەولێر و پۆلیس و ئاسایش لەلایەن هاووڵاتییانەوە ئاگادار دەكرێنەوە لەبوونی حاڵەتێكی كوشتن لە یەكێك لە خانووە تێكدراوەكانی گەڕەكی خانەقا.

بەپێی زانیارییەكانی "وشە" گەنجەكە بە رەگەز عەرەبە و دانیشتووی هەولێرە و تەمەنی سەرووی 30ساڵ دەبێت. 

زانیارییەكانی "وشە" كە لە شایەتحاڵی نزیك لە رووداوەكە وەرگیراوە ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن كە لە شوێنی كوشتنی گەنجەكەدا خوێن و بلۆك و بەرد هەبووە و لەوەدەچێت بە بلۆك كوژرابێت. 

جێگەی ئاماژەیە، تا ئامادەكردنی ئەم هەواڵە "سەعات 5:45ی ئێوارە بەكاتی هەولێر، هیچ زانیارییەكی فەرمی لەلایەن پۆلیسەوە رانەگەیەندراوە و "وشە" لە كاتی زانیاری نوێ و گەیشتنی زانیاریی فەرمی بڵاودەكاتەوە. 

گەڕەكی خانەقای هەولێر، یەكێكە لە كۆنترین گەڕەكەكانی هەولێر و دەكەوێتە نزیك قەڵای هەولێر و بازاڕی شارەكە. 


وشە - پۆڵا مەحموود