وەزارەتی ناوخۆی عێراق، گیان لەدەستدانی بەرپرسێك و سێ پاسەوانی بەهۆی رووداوی هاتوچۆوە راگەیاند.
بەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەم، بەڕێوەبەری كاروباری هۆزەكان لە پارێزگای میسان و سێ لە پاسەوانەكانی، لە رووداوێكی هاتوچۆدا لە شارۆچكەی عەلی غەربی لە میسان، گیانیان لە دەست داوە.
حەمەد كینانی گوتەبێژی تەندروستیی میسان، هەواڵەكەی پشتڕاست كردەوە و رای گەیاند، عەمید جەعفەر فاخیر مووسەوی بەڕێوەبەری بەشی كاروباری هۆزەكانی میسان، ئۆتۆمبێلەكەی وەرگەڕا و بەهۆیەوە خۆی و سێ پاسەوانی گیانیان لە دەست دا.
هاوكات وەزارەتی ناوخۆی عێراق، پەیامێكی سەرەخۆشیی بڵاو كردووەتەوە و رای گەیاند، بەداخەوە هەواڵی گیان لەدەستدانی جەعفەر فاخیر مووسەوی بەڕێوەبەری كاروباری هۆزەكان لە میسان و سێ لە پاسەوانەكانیمان پێگەیشت، كە لە رووداوێكی هاتوچۆدا لە شارۆچكەی عەلی غەربی لە میسان، گیانیان لە دەست داوە".
عێراق لەسەر ئاستی دنیا لە پلەی 37ی وڵاتە خراپەكانە كە بە وڵاتێكی مەترسیدار دێتە هەژمار و زۆرترین رووداوی هاتوچۆی تێدا روو دەدات.
بەپێی ئاماری هاتوچۆی ئەو وڵاتە، تەنیا لە ساڵی 2024دا سێ هەزار رووداوی هاتوچۆ روویان داوە.