بەڕێوەبەری تۆڕی تەندروستی و دەرمانی مەهاباد ئاماری رووداوەکانی هاتوچۆ و ژمارەی قوربانییانی ئەو روداوانەی لە ماوەی ساڵێکدا راگەیاند کە لە نەورۆزی رابردووەوە تا ئێستە تۆمار کراون.
ئومید سادق ئەمیری ئەمڕۆ پێنجشەم رای گەیاند لە سەرەتای بەهارەوە دوو هەزار و 677 رووداوی هاتوچۆ لە مەهاباد روویان داوە و بەهۆیەوە 36 کەس گیانیان لەدەست داوە.
ئەو روونی کردەوە ساڵێک پێشتر ژمارەی رووداوەکان دوو هەزار و 475 حاڵەت بوو و بەهۆیەوە 50 کەس گیانیان لەدەست دابوو.
بە پێی ئەو ئامارەی خراوەتە روو لە مەهاباد ژمارەی رووداوەکان بەراورد بە ساڵێک پێشتر زیادیان کردووە بەڵام ژمارەی ئەو کەسانەی لە رووداوەکاندا گیانیان لە دەست داوە بە رێژەیەکی بەرچاو کەمی کردووە.
بەرپرسەکەی تۆڕی تەندروستی مەهاباد ئاماژەی دا کە پەرەیان بە خزمەتگوزارییە دەرمانییەکان لە نەخۆشخانەکانی مەهاباد داوە و پێداگری لەوەش کرد کە زیانی رووداوەکانی هاتوچۆ تەنیا گیانی نییە بەڵکوو زیانی زۆری ئابووری و کۆمەڵایەتی بەدواوەیە و داوای لە شوفێران کرد رەچاوی رێنماییەکانی هاتوچۆ بکەن.