ئافرەتێك لە گەڕەكی هەولێری نوێ دزی لێ دەكرێت و ماڵەكەی دەسووتێنرێت، دوای بەدواداچوونی پۆلیس دەردەكەوێت كوڕی ماڵەكەیە دزی لە دایكی كردووە، ملوانكەی زێڕی دایكی پچڕاندووە و دزیویەتی، پاشانیش لە كۆڵانی خۆیان داوای هاوكاری كردووە و رای گەیاندووە، ماڵەكەیان سووتاوە بۆ ئەوەی تاوانەكە بشارێتەوە.
ئەمشەو چوارشەم، 26ی ئاداری 2025، لە راگەیەنراوێكی پۆلیسی هەولێردا هاتووە، دوای ئەوەی ئاگادار کراینەوە کە لە گەڕەکی هەولێری نوێ ڕووداوێکی سووتان و هەڵکوتانە سەر ماڵێک ڕووی داوە، دەستبەجێ تیمەکانمان گەیشتنە شوێنی ڕووداو.
پۆلیس ئاماژەی كردووە، بە گوتەی خاوەن ماڵەکە، کەسێک هاتووەتە سەر ماڵیان و دزیی لێ کردوون، لە ئافرەتی ماڵەکەی داوە و پاشان ماڵەکەی سووتاندووە.
لە راگەیەنراوەكەی پۆلیسدا روون كراوەتەوە، پاش لێکۆڵینەوەکانی پۆلیس، دەرکەوت کە تۆمەتبار کوڕی ماڵەکەیە، دوای ئەوەی ماڵەکەی سووتاندووە و لە دایکی داوە و ملوانکەی زێڕی ملی دایکی پچڕاندووە و دزیویەتی، پاشان لە کۆڵانی خۆیان داوای هاوکاریی کردووە کە ماڵەکەیان سووتاوە، بۆ ئەوەی تاوانەکەی بشارێتەوە، بەڵام لە ماوەی کەمتر لە چەند سەعاتێكدا تۆمەتبار ئاشکرا کرا.
لە كۆتایی راگەیەنراوەكەی پۆلیسدا هاتووە، لە ئێستەدا تۆمەتبار بە بڕیاری دادوەی لێکۆڵینەوە گیراوە، پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ کراوەتەوە و دانیشی بە تاوانەکەیدا ناوە، لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکەش بەردەوامە.