سەبەتەی دووەمی بەشەخۆراك دابەش دەكرێت "هەر هاووڵاتییەك چی پێ دەدرێت؟"

:: PM:09:42:26/03/2025 ‌
لە ئاگاداریەكی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا هاتووە، دابەشكردنی بەشی دووەمی سەبەتەی خۆراك دەست پێ دەكات، هاوكات مادەكانی ناو سەبەتەی دووەمى خۆراكی بۆ ئەمساڵ ئاشكرا كردووە.

ئەمشەو چوارشەم، 26ی ئاداری 2025، لە راگەیەنراوێكی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا هاتووە، هاووڵاتییانی خۆشەویست ئاگادار دەكەینەوە، دابەشکردنی بەشی دووەمی سەبەتەی خۆراک دەست پێ دەکات.

لەبارەی كاتی دابەشكردن و مادەكانی سەبەتەی دووەمی بەشە خۆراك وەزارەت ئاماژەی داوە، لە ئایندەیەکی نزیکدا بەشی دووەمی سەبەتەی خۆراک بۆ ئەمساڵ دابەش دەکرێت. لە ئێستەدا  لیست دەدرێتە بریکارەکان، دواتر دەست بە دابەشکردن دەکرێت و بەشێکی زۆری مادەکان هاتووە کە بەشی هەر هاووڵاتییەك بریتی دەبێت لە سێ کیلۆ برنج، یەک کیلۆ شەکر، 400 گرام دۆشاو، لیترێك زەیت، نیوکیلۆ نیسک و نیوکیلۆ ئارینۆک.

لەبارەی ئاردیشەوە روون كراوەتەوە، بەشە ئاردی سێ؛ بڕیارە دابەش بکرێت و ئامادەکاری کراوە بۆ وەرگرتنی گەنم لە سایلۆکان لەلایەن ئاشەکانەوە بۆ دابەشکردنی ئارد بەسەر بریکارەکاندا.


وشە - پۆڵا مەحموود