رووداوی خۆكوشتن لە عێراق و بەتایبەتی لە بەغدا لە حاڵەتەوە بووەتە دیاردە، شەوی رابردوویش دوو رووداوی جیای خۆكوشتن لەو شارە روویان داوە كە تا ئێستە هۆكاری خۆكوشتنەكە ئاشكرا نەكراوە و لێكۆڵینەوەیان لەبارەوە دەكرێت.
پێگەی "شەفەق نیوز" لە سەرچاوەیەكی تەناهییەوە رۆشنایی خستووەتە سەر رووداوەكان و ئاماژەی داوە، یەك لەوان ئافرەتێكە و لەناو ماڵەكەی خۆیاندا خۆی كوشتووە. رووداوی دووەمیش بەهەمانشێوە گەنجێكە و لەناو ماڵی خۆیاندا خۆی خنكاندووە و گیانی لە دەست داوە. تا ئێستە هۆكاری هەردوو رووداو ئاشكرا نەكراوە.
سەرچاوە تەناهیەیكە رای گەیاند، شەوی رابردوو ئافرەتێك لە گەڕەكی راشدییەی باكوری بەغدا كە لەدایكبووی 2011یە، لەناو ژوورێكی ماڵەكەیان لە رێگەی شاڵەكەیەوە، بە پانكە خۆی هەڵواسیوە و گیانی لە دەست داوە. پۆلیس دەڵێت هۆكاری خۆكوشتنەكە تا ئێستە دیار نییە.
هەمان سەرچاوە ئەوەشی گوت كە هەر شەوی رابردوو، گەنجێكی لەدایكبووی 2008 لە گەڕەكی زەعفەرانییەی بەغدا، بەهەمانشێوە لە ژوورێكی ماڵەكەیان لە رێگەی گوریسەوە خۆی خنكاندووە و گیانی لە دەست داوە. هۆكاری رووداوەكە بەهەمانشێوە دیار نییە.
دواتریش سەرچاوەكە گوتی، هەردوو تەرم بۆ پزیشكی داد گوازراونەتەوە بۆ وەرگرتنی رێوشوێنی یاسایی، لێكۆڵینەوەی ورد لە هەردوو رووداو دەكرێت تا بزانرێ هۆكاری خۆكوشتنەكان چی بووە.
دۆخی خراپی دەروونی و تەناهی و ئابووری لەلایەك و دواكەوتوویی بەشێكی زۆری كۆمەڵگە و هاوكات داونەریتە كۆمەڵایەتییەكان لەلایەكی تر، هۆكارگەلێكن بۆ دیاردەی خۆكوشتن لە عێراقدا، بۆیە خۆكوشتن لەو وڵاتە بووەتە دیاردە و بەتایبەتی بەغدا زۆرترین ژمارەی ئەو رووداوانەی تێدا روو دەدەن، بەڵام بەراورد بە هەرێمی كوردستان، ئەو رووداوانە زۆر كەم بوونەتەوە و لە ئاستی دەگمەندایە.