رێكخراوی لێبوردنی نێوده‌وڵه‌تی یان ئه‌منستی ئینته‌رناشناڵ، راپۆرتێكی له‌باره‌ی دۆخی مافی مرۆڤ بڵاو كرده‌وه و له راپۆرته‌كه‌دا باسی له‌وه كردووه، پێشێلكارییه‌كانی مافی مرۆڤ له چه‌ندان وڵاتی دنیا به تایبه‌تی كۆماری ئیسلامیی له په‌ره‌سه‌ندندایه.
له راپۆرته‌كه‌دا باس له‌وه كراوه ئێران له ساڵی 2024دا ئازادیی ده‌ربڕین، مافی خۆپێشاندان و دامه‌زراندنی ئه‌نجوومه‌نه‌كانی سه‌ركوت كردووه، به‌شێوه‌یه‌كی پلان بۆداڕێژراو دژی ژنان و كه‌مینه نه‌ته‌وه‌یی، ئاینی، ره‌گه‌زی هه‌نگاوی ناوه. ئێران له‌و ساڵه‌دا هه‌زاران كه‌سی هه‌ر له خۆوه گرتووه و به‌شێوه‌یه‌كی زۆر نادادپه‌روه‌رانه دادگایی كردوون و ته‌نانه‌ت ئه‌شكه‌نجه‌ی داون.
جگه له‌مه له ئێران سانسۆری میدیایی زۆر زیادی كردووه و ئازادییه‌كان زۆر سنووردارتر كراون، حكوومه‌ت به به‌رنامه هێڵه‌كانی ئێنته‌رنێتی خاو كردووه‌ته‌وه و نه‌یهێشتووه خه‌ڵك ده‌ستیان به چه‌ندان پلاتفۆرمی جیاواز بگات. رێكخراوه‌كه پێشتریش به‌رپرسیارێتیی 64%ی كۆی حاڵه‌ته‌كانی له‌سێداره‌دان له دنیای خستووه‌ته پاڵ ئێران.
له به‌شێكی تری راپۆرته‌كه‌یدا ره‌خنه‌ی زۆر توندی له رێبه‌رانی كۆماری ئیسلامی گرتووه كه به‌شێوه‌یه‌كی زۆر خراپ و ناشاره‌زایانه، ئیداره‌ی ئاویان كردووه و بوونه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی مه‌ترسیی گه‌وره بۆ سه‌ر ژینگه به تایبه‌تی له پارێزگاكانی سیستان و به‌لووچستان و چه‌ندان پارێزگای تر بێته كایه‌وه.
هه‌رچه‌نده راپۆرته‌كه‌ی ئه‌منستی ئینته‌رناشناڵ له‌باره‌ی 150 وڵاتی جیاوازی دنیایه، به‌ڵام له هه‌مان كاتدا ئێران راپۆرته‌كه‌ی ره‌ت كردووه‌ته‌وه و گوتوویه‌تی، سیاسی و دوژمنكارانه‌یه. ئێران پێشتریش راپۆرته نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی به بێ بایه‌خ هه‌ژمار كردووه.
له راپۆرته‌كه‌دا سه‌ركوتكارییه خوێناوییه‌كه‌ی به‌نگلادیش، سه‌ركوتكارییه‌كانی مۆزه‌مبیق، قه‌ده‌غه‌ی خۆپێشاندان له توركیا و چه‌ندان پێشێلكاری تر خراوه‌ته روو.
رێكخراوه‌كه له‌باره‌ی په‌ره‌سه‌ندنی تاوانه‌كانی جه‌نگیش هۆشداریی داوه و باسی له پێشێلكارییه‌كانی مافی مرۆڤ له غه‌زه ئۆكراینا، سوودان و میانمار و چه‌ندان شوێنی تر كردووه و له په‌ره‌سه‌ندنی پێشێلكارییه‌كان هۆشداریی داوه.
پشتیوانیی خۆی له دادگای نێوده‌وڵه‌تیی لاهای راگه‌یاندووه و باسی ئه‌وه‌ی كردووه، پێویسته وڵاتان بۆ جێبه‌جێكردنی حوكمه‌كانی دادگاكه هاوكاریی زیاتر بكه‌ن.