بە ڤیدیۆ... دوو كەس لە بەغدا كەسێك دەكوژن و لە هەولێر دەگیرێن

:: PM:07:50:29/04/2025 ‌
دوو كەس لە بەغدا كەسێكیان كوشتووە و لە بەردەستی پۆلیسی بەغدا رزگاریان بووە، هەڵاتوون بۆ هەرێمی كوردستان و بەدیاریكراوی شاری هەولێر، پاش ئەوەی زانیاری بە پۆلیسی هەولێر دەدرێت لەلایەن پۆلیسی بەغداوە، لەماوەی چەند سەعاتێكی كەمدا دوو تۆمەتبارەكە گیران و لەگەڵ بڵاوكردنەوەی ڤیدیۆ و هەواڵی گیرانی دوو تۆمەتبارەكەیش، پۆلیسی هەولێر دڵنیایی دەدات كە "هەولێر شوێنی داڵدەدانی تۆمەتباران نییە و هەر كەسێك تاوان ئەنجام بدات دەگیرێت".

ئەمشەو سێشەم 29ی نیسانی 2025، لە راگەیەنراوێكی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هەولێردا هاتووە، دوای ئەوەی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی بەغداوە هەواڵمان پێگەیشت کەوا دوو تۆمەتبار تاوانی کوشتنی کەسێکیان لە بەغدا ئەنجامداوە و ڕایانکردووە بەرەو هەرێمی کوردستان و شاری هەولێر.

"دەستبەجێ تیمەکانمان لە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر دەستیان بە لێکۆڵینەوە کرد و توانیمان لە ماوەی چەند سەعاتێكی کەمدا تۆمەتباران بگرین". لە راگەیەنراوەكەی پۆلیسدا وا هاتووە. 

لەگەڵ بڵاوكردنەوەی ڤیدیۆ و هەواڵی گرتنی دوو تۆمەتبارەكەی بەغدا لە هەولێر، پۆلیس دڵنیایی داوە "لێرەوە هاووڵاتییان دڵنیا دەکەینەوە هەولێر شوێنی داڵدەدانی تۆمەتباران نییە و هەر کەسێک تاوان ئەنجام بدات، لە کەمترین ماوەدا دەگیرێت و رادەستی دادگا دەكرێت".




وشە - پۆڵا مەحموود