سەندیكاكانی كرێكارانی كوردستان، بەبۆنەی یەكی ئایار ڕۆژی جیهانیی كرێكاران، پەیامێكیان بڵاو كردەوە و چەند داواكارییەكیان خستووەتە ڕوو.
ئەمڕۆ چوارشەم 30ی نیسان، یەكێتیی سەندیكاكانی كرێكارانی كوردستان، بەبۆنەی یەكی ئایار ڕۆژی جیهانیی كرێكارانەوە پەیامێكیان بڵاو كردەوە، داوا دەكەن یاساكانی تایبەت بە دەستی كار بەركار بكرێن و دەڵێن، بە مەبەستی ئاشناییكردنی زۆرترین كادری زانكۆیی بە تایبەت كەسانی ئارەزوومەند بە فێربوون و پێگەیاندنی بوارەكە، هەرسێ یاسای بەركار بخرێنە پڕۆگرامی خوێندنەوە. كە بریتیین لە زانكۆ و پەیمانگەكا و پەیمانگەی دادوەری و دادوەرانی كار، لە پەیمانگەی دادوەرییەوە زیاتر ئاشنا بكرێن بە یاسا پێوەندارەكان بە كار و كرێكارانەوە.
هەروەها ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن، ڕێنوێنی كرێكارانی بیانی لە هەرێمی كوردستان، ڕێنمایی كرێكارانی خزمەتگوزاری ماڵان لە هەرێمی كوردستان، دەستەبەری كرێكاران لە 350 هەزار دینارەوە كە سێ ساڵە پێداچوونەوەی بۆ نەكراوە بكرێتە 520 هەزار دینار، زیادكردنی كرێی سەعاتەكانی كاركردن، سەعاتەكانی كاركردنی هەفتانە لە 48 سەعاتەوە بكرێتە 42 سەعات.
مەكتەبی تەنفیزیی یەكێتیی سەندیكاكانی كرێكارانی كوردستان داوای ڕەزامەندی لە ئەنجوومەنی وەزیران دەكات لە پێدانی پارچە زەویی نیشتەجێبوون و پێشینەی دروستكردنی خانووبەرە و پێشینەی هاوسەرگیری.
سەندیكاكانی كرێكارانی كوردستان دووپات لەوە دەكاتەوە، تەندروستی و سەلامەتیی پیشەیی بۆ كرێكاران بكرێتە ناوەندێكی نیشتیمانی و ڕاستەوخۆ سەر بە ئەنجوومەنی وەزیران بێت و گرنگی تەواوی پێ بدرێت، چونكە ڕۆژانە بەهۆی گوێنەدانی خاوەنكاران بە یاسا و ڕێنوێنی پێوەندار بە كار و كرێكارانەوە هەروەها نەشارەزایی كرێكاران خۆیانیش، كارەساتی گیان لەدەست دان و پێكانی كرێكاران لە كاتی كاركردنیان دا ڕوو دەدات.