پیاو و ژن كامیان رۆمانسیترن؟

:: PM:10:03:30/04/2025 ‌

رەنگە زۆرێك یەكسەر بیریان بۆ ئەوە بچێت كە ژنان رۆمانسیترن، ئەوەش بەهۆی نەرمونیانی و پێوەستبوونی زیاتریان بە ژیانی كۆمەڵایەتی و خەیاڵ و خێزان و هیتریش، توێژینەوەیەكی نوێ دەری دەخات كە پیاوان رۆمانسیترن لە ژنان، ئەوان زیاتر ددان بەهەستی خۆشەویستی دەنێن و زووتر دەكەونە داوی خۆشەویستییەوە.

لەو توێژینەوەی لە كۆواری " Behavioral and Brain Sciences"، بڵاو كرایەوە دەركەوتووە كە ژنان زیاتر ئامادەن بۆ كۆتاهێنان بە پێوەندییەكان، دەركەوتووە 70%ی حاڵەتەكانی جیابوونەوە ژنان داوای دەكەن، لە بەرانبەر 15% بۆ پیاوان، ئەوەش وەك توێژەران دەڵێن بۆ زیادبوونی سەربەخۆیی ئابووری و دارایی ژنان دەگەڕێتەوە، كە وا دەكات زیاتر بڕیاری جیابوونەوە بدەن بێ ئەوەی پێویستییان بە پشتبەستن بە هاوسەرەكەیان هەبێت.

لە بەرانبەردا ئەنجامەكان دەریانخست كە پیاوان زۆرجار دەست بە پێوەندییەكان دەگرن و هەوڵ بۆ پارێزگاریكردن لە سەقامگیری دەدەن، جیا لەوە شۆكبوونی سۆزداری لە دوای جیابوونەوە لەسەر پیاوان كاریگەرترە، كاتێك هەستی تەنیایی و دابڕان بە بەراورد بە ژنان لای ئەوان زیاتر دەبێت، ئەو ئەنجامەش تیشك دەخاتە سەر جیاوازیی سۆزداری لە نێوان هەردوو رەگەز.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل