خاتوونە هونەرمەندێكی دیاری سووری كۆچی دوایی كرد

:: AM:09:54:01/05/2025 ‌
سەمەر عەبدولعەزیز كە یەك لە خاتوونە دیارەكانی بواری گۆرانی و نواندنی سووریایە، بەهۆی نەخۆشییەوە دوێنی كۆچی دوایی كرد. سەندیكای هونەرمەندانی ئەو وڵاتە هەواڵی مردنەكەی بڵاو كردووەتەوە و سەرەخۆشی لە هونەرمەندانی سووریا و عەرەب دەكات.

پێگەی "شەفەق نیوز" كە سەرچاوەی هەواڵەكەی سەندیكای هونەرمەندانی سووریایە و رای گەیاندووە، هونەرمەند سەمەر عەبدولعەزیزی گۆرانیبێژ و ئەكتەر، لە تەمەنی 52 ساڵی بەهۆی نەخۆشیی جگەر كۆچی دوایی كرد، لە كاتێكدا پێشتر تووشی نەخۆشیی شێرپەنجە بوو و بەهۆی وەرگرتنی چارەسەرەوە ئەو نەخۆشییەی تێپەڕاند.

سەندیكای هونەرمەندانی سووریا لە پرسەنامەیەكدا، سەرەخۆشی لە خێزانی سەمەر و بەتایبەتی هونەرمەند ریم عەبدولعەزیزی خوشكی و تەواوی هونەرمەندانی سووریا و عەرەب دەكات. بەدوایدا ژمارەیەكی بەرچاو لە هونەرمەندانی عەرەب لە رێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، خەمی خۆیان بەبۆنەی مردنی سەمەر راگەیاندووە.

سەمەر عەبدولعەزیز لە ساڵی 2021 تووشی نەخۆشیی شێرپەنجەی مەمك بوو، بۆ ئەوەیش نەشتەرگەریی ئەنجام دا و چارەسەری وەرگرت، ئەو ماوەیە تووشی دۆخێكی دەروونی ناخۆش بوو بەهۆی جیابوونەوەی لە هاوسەرەكەی دەرهێنەر محەمەد مەعرووف. لە ساڵی 2023دا ئەو نەخۆشییەی تێپەڕاند، بەڵام بەدوایدا تووشی نەخۆشیی جگەر بوو و بۆ ئەوەیش چارەسەری وەردەگرت. دواتریش هەر بەهۆی نەخۆشیی جگەرەوە دوێنێ كۆچی دوایی كرد.

دوا كاری هونەریی سەمەر لە رەمەزانی رابردوو بوو كە لە درامای "لیالی رۆكسی" رۆڵی سەرەكیی بینی، لەو درامایەدا هاوشانی هونەرمەندە گەورەكانی وەك مونا واسف و ئەیمەن زێدان و سلاف فواخرەجی بەشداریی كرد.

سەمەر لە ساڵی 1973 لە سووریا لە دایك بووە و دەكاتە كچی شاعیری ناوداری ئەو وڵاتە "نەزمی عەبدولعەزیز". لە سەرەتادا وەك گۆرانیبێژ دەركەوت و خاوەنی دەیان گۆرانیی تۆماركراوە. دواتر وەك ئەكتەر لە دەیان شانۆ و درامادا رۆڵی بینیوە و بە یەك لە ئەكتەرە ناودارەكانی سووریا هەژمار دەكرێت.




وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د