لە عێراق داهێنان لە دوو بواردا زۆر كارایە، دزی و گەندەڵی و تاوان و كوشتن، لە دوای 2003ەوە عێراق بە دەست گەندەڵییەكی گەورەوە دەناڵێنێت و تا ئێستە چەندان ملیار دۆلار دیار نییە، یەكێك لە رووەكانی گەندەڵی سپیكردنەوەی پارەی دزراوە، ئەنجوومەنی باڵای دادوەری رای گەیاند كە گومانی شێوازێكی نوێی سپیكردنەوەی پارەیان لە عێراق كردووە، ئەویش بەكارهێنانی مارەیی هاوسەرگیری بۆ سپیكردنەوەی پارە.
وەك لە
نووسراوێكی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری بە واژووی فایەق زێدان سەرۆكی ئەنجوومەنەكە ئاراستەی دادگاكان كراوە، داوایان لێ كراوە لە حاڵەتێك بڕی مارەیی هاوسەرگیری كە لە گرێبەستی فەرمی هاتووە لە ئاسایی زۆر زیاتر بوو، پێویستە دادگا بەر لە تەواوكردنی گرێبەستەكە داوا لە هەردوولا بكات سەرچاوەی پارەكە ئاشكرا بكەن.
روونی كردەوە، لە حاڵەتی قەناعەتنەكردنی دادوەر بە شەرعیەتی سەرچاوەی پارەكە و نەبوونی نیازێكی راستەقینە بۆ هاوسەرگیریكردن و گرێبەستەكە تەنیا شێوەییە بۆ تێپەڕاندنی بڕە پارەكە، هەردوولای گرێبەستەكە بۆ لێكۆڵینەوە لە شەرعیەتی سەرچاوەی مارەییەكە رەوانەی نووسینگەی نەهێشتنی سپیكردنەوەی پارە دەكرێن.