مەفرەزەكانی پۆلیسی رەحیماوا، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی كەركووك، لەناو شارى سلێمانی تۆمەتبارێكی تریان گرت كە دەستی هەبووە لە تاوانی كوشتنی "مام عەلی".
رۆژی هەینی، دووی ئایاری 2025، لە كەركووك، كەسێك بە ناوی "مام عەلی" بە كوژراوی لە خانوویەكی تەواونەكراودا دۆزرایەوە.
مام عەلی پیشەی شۆفێری تەكسی بوو، تەكسییەكەیان بردووە و دوای رۆژێك لە دیارنەمانی، بە كوژراوی لە خانوویەكی تەواونەكراودا دۆزرایەوە.
بكوژی سەرەكی ناوی "ف.ئـ.م"ە، مام عەلی "كوژراو" كادرێكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بووە لە كەركووك.
ئەمڕۆ دووشەم، پێنجی ئایاری 2025، لەسەر بنەمای ددانپێدانانی "ف.ئ.م"ی بكوژی سەرەكیی تاوانی كوشتنی مام عەلی، مەفرەزەكانی پۆلیسی رەحیماوا بە هاوئاهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی كەركووك، توانیان تۆمەتبارێكی تری تاوانەكە لە سلێمانی بگرن.
بەپێی زانیارییەكانی "وشە" تۆمەتباری دووەم ناوی "ن.ع.ح"ـە و دەستی لە تاوانەكەدا هەبووە، بەپێی ددانپێدانانەكان، كاتێك هەوڵدراوە ئۆتۆمبێلەكە بفرۆشرێت، خۆی وەك مام عەلی ناساندووە.