گەڕان بەدوای تەرمی ئاڤێستا ئەمڕۆ دەبێتە 31 رۆژ بەردەوامە و تا ئێستە نەدۆزراوەتەوە، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانی سۆران دەڵێت، لە ئەمڕۆوە گەڕان بەدوای تەرمی ئاڤێستا دەچێتە قۆناغێكی ترەوە
ئەمڕۆ سێشەم شەشی ئایار، كاروان میراودەلی بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانی سۆران، بە "وشە"ـی راگەیاند، لە ئەمڕۆوە گەڕان بەدوای تەرمی ئاڤێستادا دەچێتە قۆناغێكی تر.
زیاتر گوتی، وەك كۆتا رۆژی مانگی یەكەم، 180 كارمەند بەردەوام لە گەڕاندا بووین، لە ئەمڕۆ بەدواوە بە پلانی جیاوازتر لە گەڕان و پشكنین بەردەوام دەبین.
ئێستە تیمەكانی بەرگریی شارستانی و چەندان تیمی تر لە شارەكانی تر لەو شوێنە، بەدوای تەرمی ئاڤێستادا دەگەڕێن.
ئاڤێستا تەمەنی 27 ساڵە و دانیشتووی شاری هەولێرە، بۆ سەیران لەگەڵ خێزانەكەی رۆژی پێنجی مانگی رابردوو چووبوونە بارزان، بەڵام كەوتە ئاوی رووبارەكەوە و تا ئێستەیش بێ سەروشوێنە.
چیرۆكی ئاڤێستا هەموو كوردستانی تەنی، باوكی چەندان جار دووپاتی لەوە كردووەتەوە، ئێستە پرسەكە هی ئەوان نییە و هی هەموو خەڵكی كوردستانە.
دەست بە دوعا و پاڕانەوە بۆ خوا، رۆژانە ماڵباتی ئاڤێستا دەچنە رۆخی رووبارەكە و چاوەڕوانی دۆزینەوەی تەرمی ئاڤێستا دەكەن.
پێشتر مامۆستا فەخرەدین بەرزنجی كە مامی ئاڤێستایە، بۆ "وشە" گوتی، رووداوێكی نەخوازراو بوو، كاتێك لە سەیران بوون، لە دوای براكەی لە رووبارەكە ویستوویەتی بێتە دەرەوە، بەڵام دواتر نەیتوانیوە و ئاو بردوویەتی.
"ئاڤێستا گیان، جەرگی كاكەی، دڵم نایە لەوە زیاتر بنووسم، تەنیا داواكارم لە خوای گەورە بە هاناتەوە بێت، خزمان، دۆستان، ئازیزان تكایە دوعای خێرمان بۆ بكەن ئاڤۆ بدۆزرێتەوە". ئەمە پۆستی فەیسبووكی مامی ئاڤێستایە و داوای دوعای خێر دەكات.