دادگای پاریس بە تاوانی دەستدرێژیی سێكسی بۆ سەر دوو ئافرەت، سزای گرتنی بۆ ناوەی 18 مانگ بۆ هونەرمەندێكی دیاری سینەمای فڕەنسی دەكرد. هونەرمەندەكەیش رەتی دەكاتەوە ئەو كردەیەی كردبێت، بۆیە داوای پێداچوونەوە بە سزاكەی دەكات.
پێگەی "ئیلاف" كە هەواڵەكەی لە میدیاكانی فڕەنسا وەرگرتووە و بڵاوی كردووەتەوە، جیرار دوباردیۆ /76 ساڵ/ كە یەك لە ئەستێرە ناودارەكانی سینەمای فڕەنسییە و لە دەیان فیلمی سینەماییدا رۆڵی سەرەكی بینیوە، دادگای پاریس بەتۆمەتی دەستدرێژی سێكسی بۆ سەر دوو ئافرەت، بڕیاری گرتنی بۆ ماوەی 18 مانگ بۆ دەركرد، لە كاتێكدا ئەو هونەرمەندە تۆمەتەكە رەت دەكاتەوە و لە رێگەی پارێزەرەكەیەوە داوای پێداچوونەوە بە سزاكەی دەكات.
باس لەوە دەكرێ كە دەستدرێژیكردنەكە بۆ ساڵی 2021 دەگەڕێتەوە، یەك لە سكاڵاكارەكان بەناوی "ئێمیڵی" كە وەك كرێكار لە كاتی وێنەگرتنی فیلمێكدا كاری كردووە، جیرار دەستدرێژیی سێكسیی كردووەتە سەری، لە دوای دەرچوونی سزاكەی لە دادگا، گوتوویەتی "ئەو سزایە سەركەوتنە و هەنگاوێكە بۆ پێشەوە".
هاوكات سكاڵارێكی تریش بەناوی "سارا" كە یاریدەدەری دەرهێنەر بووە لە فیلمێكی سینەمایی، بەهەمانشێوە دەڵێت جیرار لە كاتی وێنەگرتنی فیلمەكە، دەستدرێژیی سێكسیی كردووەتە سەری، بۆ ئەوەیش بەڵگەكانی ئاراستەی دادگاكە كردووە.
كارین دریۆ دیبۆل كە پارێزەری هەردوو ئافرەتەكەیە رای گەیاند، دڵخۆشە كە ئەو هونەرمەندە سزا دراوە و ئەوەیش سەركەوتنی یاسا و دادگایە.
ئەو پارێزەرە بۆ رۆژنامەنووسان گوتی، ئەو سزایەی جیرار سەركەوتنێكە بۆ ئەو دوو ئافرەتەی لە بواری وێنەگرتنی سینەماییدا كار دەكەن، هاوكات سەركەوتنە بۆ تەواوی ئافرەتان كە پاڵپشتیی ئەو دوو ئافرەتانەیان كردووە.