ئێران..مێرمنداڵێک کە لە تەمەنی 16 ساڵیدا تاوانی کردبوو لە سێدارە را

:: PM:04:17:15/05/2025 ‌
سزای لە سێدارەدانی محەممەد ڕەزا سەبزی، هاووڵاتیی لوڕ کە لە تەمەنی 16 ساڵیدا بە تۆمەتی ''كوشتنی بەئەنقەست'' سزای لە سێدارەدانی بەسەردا سەپێنرابوو، دوای چوار ساڵ حوکمەکەی جێبەجێ کرا.

ئەو خەڵكی شاری عەلیاوای مەلایەر بوو لە پارێزگای هەمەدان و هەر لە گرتووخانەی ناوەندیی مەلایەر زیندانی و پاشان لە سێدارە درا.

بەگوێرەی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لە ماوەی ساڵی 2024دا سزای سێدارەدانی لانی كەم پێنج منداڵی تاوانبار لە شارە جیاوازەكانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان جێبەجێ کراوە.

پەیماننامەی مافەکانی منداڵانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کە لە لایەن زۆربەی وڵاتانی جیهانەوە پەسند کراوە، بە ڕاشکاوی پشتگیری لە مافی منداڵان دەکات. یەکێک لە بڕیارەکانی ئەو پەیماننامەیە بریتییە لە قەدەغەکردنی کەڵکوەرگرتن لە سزادانی نامرۆڤانەی وەکوو لەسێدارەدان بۆ کەسانی خوار 18 ساڵ. 

سەرەڕای ئەو پەیماننامەیە لە گرتووخانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەردەوام سزای لەسێدارەدای منداڵانی تاوانبار جێبەجێ دەکرێت.



وشە - سلێمان تاشان