بەرگریی شارستانی هەرێم وردەكاری رووداوی كۆگاكەی شەمامكی بڵاو كردەوە

:: AM:11:44:16/05/2025 ‌
بەرگریی شارستانی هەرێم وردەكاری گیانلەدەستدانی سێ كەسەكەی لە كۆگایەكی هەڵگرتنی بەرهەمە نەوتییەكانی شەمامك بڵاو كردەوە و لە راگەیەنراوەكەدا هاتووە، رووداوەكە سەعات 4 و 11ی بەرەبەیان رووی داوە، كاتێك هاووڵاتییەكی بەرەگەز عەرەب لەناو كۆگایەك خنكاوە و دوو لە ئەندامانی بەرگری شارستانی لەكاتی هەوڵدان بۆ رزگاركردنیان گیانیان لە دەست داوە. 

ئەمڕۆ هەینی 16ی ئایار، لە راگەیەنراوێكی بەرگری شارستانی هەرێمی كوردستان هاتووە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ سەعات ٤:١١ خولەک تیمەکانی بەرگریی شارستانی پارێزگای هەولێر ئاگادار کرانەوە لە بوونی حاڵەتێکی خنکانی هاووڵاتیەکی بە ڕەگەز عەرەب لەناو کۆگایەکی هەڵگرتنی بەرهەمە نەوتییەکانی یەکێک لە پاڵاوگەکانی سنووری شارەدێی شەمامک.

لە راگەیەنراوەكەدا هاتووە،  دەستبەجێ تیمەکانمان بەڕێکەوتن بۆ دەرهێنانی تەرمی  هاووڵاتیەکە، دوای گەیشتنی تیمی ڕزگارکردنی سەر بە بەڕێوبەرایەتی بەرگری شارستانی هەولێر بەداخەوە دوو کارمەندی تیمی ڕزگارکردنی سەر بە بەڕێوبەرایەتی بەرگری شارستانی هەولێر بە ناوەکانی ڕێپێدراوی پۆلیسی پلە/٨  "یوسف شەریف حەسەن" لەگەل پۆلیسی پیادە پلە/٤ "سەباح سەلیم" لە کاتی ئەرک و هەوڵدان بۆ دەرهێنانی تەرمی هاووڵاتییەكە گیانیان لەدەستدا.


وشە - پۆڵا مەحموود