دیسان عێراق و دیاردەی خۆكوشتن.. كچێك خۆی كوشت

:: PM:02:43:21/05/2025 ‌
سەرچاوەیەكی تەناهی لە پارێزگای زیقاری باشووری عێراق ئەمڕۆ رای گەیاند، كچێك لەناو ماڵەكەیاندا خۆی كوشتووە. بەپێی لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكان، هۆكارەكەی دۆخی رژدی دەروونی بووە.

پێگەی "شەفەق نیوز" ئەمڕۆ چوارشەم 21ی ئایار بڵاوی كردووەتەوە، بەپێی گوتەی سەرچاوە تەناهییەكە، كچێك كە تەمەنی لە دەوروبەری 20 ساڵ دەبێت، لەناو ژووری ماڵەكەیاندا لە رێگەی گوریس و خۆهەڵواسین بە پانكەوە، خۆی خنكاندووە و گیانی لە دەست داوە. بەپێی لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكان، هۆكارەكەی دۆخی خراپیی دەروونی بووە.

سەرچاوەكە زیاتر گوتی، رووداوەكە لە قەزای دەوایەی باكوری رۆژهەڵاتی شاری ناسریە بووە كە ناوەندی پارێزگاكەیە. لەگەڵ رووداوەكەدا پۆلیس گەیشتوونەتە شوێنەكە و تەرمەكەیان بۆ پزیشكی داد گواستووەتەوە.

ئاماژەی داوە كە بەپێی لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكان، ئەوە ئاشكرا بووە كە كچەكە دۆخێكی خراپی دەروونی هەبووە، هەر لەبەرئەوەیش پەنای بۆ خۆكوشتن بردووە. وێڕای ئەوەیش لێكۆڵینەوەی زیاتر لە رووداوەكە دەكرێت.

دۆخی خراپی دەروونی و تەناهی و ئابووری لەلایەك و دواكەوتوویی بەشێكی زۆری كۆمەڵگە و هاوكات داونەریتە كۆمەڵایەتییەكان لەلایەكی تر، هۆكارگەلێكن بۆ دیاردەی خۆكوشتن لە عێراقدا، بۆیە خۆكوشتن لەو وڵاتە بووەتە دیاردە و بەتایبەتی بەغدا زۆرترین ژمارەی ئەو رووداوانەی تێدا روو دەدەن، بەڵام بەراورد بە هەرێمی كوردستان، ئەو رووداوانە زۆر كەم بوونەتەوە و لە ئاستی دەگمەندایە.
 


وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د