لە ماوەی شەش رۆژدا هەشت كەس بەرووداوی ماتۆڕسكیل گیانیان لە دەست داوە

:: AM:09:55:22/05/2025 ‌
لە ماوەی ئەم هەفتەیە هەشت كەس بە رووداوی ماتۆڕسكیل لە هەرێمی كوردستان گیانیان لە دەست داوە، ئەندامێكی كۆمەڵەی سەلامەتیی رێگەوبان دەڵێت، پێویستە یاساكان توند بكرێن.

ئەمڕۆ پێنجشەم 22ـی ئایار، سەرباز مەسعوود ئەندامی كۆمەڵەی سەلامەتیی رێگەوبان، بە "وشە"ـی راگەیاند، رووداوەكانی ماتۆڕسكیل لە هەرێمی كوردستان زۆر بوونە، بۆیە پێویستە یاساكان توندتر بكرێن و لە بازگەكانی ئاسایش، رێگە نەدرێ ماتۆڕسكیل بچنە دەرەوەی شار.

زیاتر گوتی، لە ماوەی ئەم هەفتەیە لە رۆژی شەموو تا ئەمڕۆ، هەشت كەس بە رووداوی ماتۆڕسكیل لە هەرێمی كوردستان گیانیان لە دەست داوە، هەروەها چەند كەسێكیش بریندار بوون.

باسی لەوەش كرد، رووداوەكانی ماتۆڕسكیل هێندە زۆر بوونە، دەبێت بڕیارەكانی هاتۆچۆ كە لە هەفتەی رابردوو دەرچوون، وەك خۆیان جێبەجێ‌ بكرێن، بۆ ئەوەی كەسی تر تووشی زیانی گیانی و مادی نەبێت.

هەفتەی رابردوو هاتوچۆی هەرێمی كوردستان چەند بڕیارێكی تایبەتی بە ماتۆڕسكیلەكان دەركرد، بەپێی جۆری سەرپێچییەكەی سزاكەی بۆ دەنووسرێت.

سەرپێچی و سزاكان بەم جۆرەن:

-ئەگەر ماتۆڕسواران بە دەنگی ئەگزۆز هاووڵاتییان هەراسان بكەن، ئەوا دەدرێنە دادگا و دەست بەسەر ماتۆڕەكەیاندا دەگیرێت.

-هەر ماتۆڕسوارێك لە ترافیكلایتەكان نەوەستێت، سزای مادی دەدرێت.

-هەر ماتۆڕسوارێك كڵاو و سەرئەژنۆ و مەچەكپارێز بەكار نەهێنێت، سزای مادی دەدرێت.

-ماتۆڕسواران سەركێشی و نمایش بكەن، دەدرێنە دادگا و دەست بەسەر ماتۆڕەكەیاندا دەگیرێت.

-ئەگەر ماتۆڕەكان لۆگۆی كۆمپانیاكانی گەیاندنیان پێوە بێت، مانگانە سزاكە بۆ كۆمپانیاكە دەنێردرێت.




وشە - رامیار جەواد