جێبەجێکردنی یاسای باڵاپۆشی لە ئێران هەڵپەسێردرا

:: PM:04:27:25/05/2025 ‌
محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران رای گەیاند، سکرتاریەتی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، بە نووسراو پەرلەمانیان لەوە ئاگادار کردووەتەوە، کە پێویستە لە ئێستەدا جێبەجێ کردنی یاسای باڵاپۆشی رانەگەیەنرێت.

سەرۆکی پەرلەمانی ئێران کاتێک ئەو زانیارییەی ئاشکرا کرد، کە محەمەد تەقی نەقدعەلی نوێنەری خۆمەینیشەهر لە پەرلەمان، داوای لە سەرۆکی پەرلەمان کردبوو هەرچی زووە یاسای باڵاپۆشی بەمەبەستی جێبەجێ کردن رابگەیەنێت.

چەند ساڵێکە یاساکە لە پەرلەمان تێپەڕێنراوە، کە بەپێی یاساکە کۆت و بەند و سزا و کۆمەڵێک رێوشوێنی توند دەگیرێتە بەر بۆ ئەوەی رێی هەر جۆرە سەرپێچییەک لە باڵاپۆشیدا بگرێت.

پڕۆژەیاسای ''پاراستنی کولتووریی داوێنپاکی و باڵاپۆشی'' لەلایەن دەزگای دادی ئێران دوای هەڵگیرسانی شۆڕشی ژینا لە ساڵی 2022 پێشکەشی حکوومەتی ئەوکاتی ئیبراهیم رەئیسی کرا، پاشان لە پەرلەمان پەسند کرا و چەند جارێک لە نێوان پەرلەمان و ئەنجوومەنی چاودێریی دەستوور دەستاودەست کرا، بۆ ئەوەی بخرێتە بواری جێبەجێ کردنەوە، بەڵام جێبەجێ نەکرا.

توندڕەوەکانی ئێران گوشارێکی زۆریان خستە سەر حکوومەت، یاساکە بخرێتە بواری جێبەجێ کردن، بەڵام دوای هاتنی مەسعوود پزیشکیان زیاتر پشتگوێ خرا و چەند جارێک سەرۆک کۆماری ئێران خۆی گوتی کە یاساکە قابیلی جێبەجێکردن نییە.

جگە لەمە، ناوەڕۆکی یاساکە دزەی کردبووە نێو میدیاکان، بۆیەش لە ناوخۆی ئێران رەخنەیەکی زۆری لێ گیرا و بە پێشێلکردنی ئازادییە کەسییەکان لێک درایەوە.

کۆمەڵگەی ئێران لە دوای شۆڕشی ''ژن ژیان ئازادی''یەوە گۆڕانکارییەکی زۆری بەسەردا هاتووە، لە تاران و تەواوی ئێران زۆرینەی خەڵک لەچک و باڵاپۆشییان فڕێ داوە، کردوویانەتە ئامرازێکی نوێی دەربڕینی ناڕەزایەتی و رەتکردنەوەی کۆماری ئیسلامی، حکوومەت نەیتوانیوە بەزۆر بەسەریاندا بسەپێنێت.

کۆماری ئیسلامیی ئێران کە لە قەیرانێکی قووڵی ئابووری و سیاسی و تەناهی دایە، نەیویستووە قەیرانێکی نوێ بخاتە سەر قەیرانەکانی تری، هەر بۆیەش ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران پێی باش بووە جێبەجێ کردنی یاساکە هەڵپەسێردرێت.


وشە - سلێمان تاشان