گیراوانی هەولێر كار دەكەن و پارە بۆ خۆیان و خێزانەكەیان پەیدا دەكەن

:: PM:01:42:28/05/2025 ‌
لە چاكسازیی گەورانی هەولێر، چەندان گیراو فێری كار دەكرێن، ئەو گیراوانە دواتر دەبن بە خاوەن كاری خۆیان و ئەو كەلوپەلانەی لە گرتووخانە دروستی دەكەن، لە دەرەوە بۆیان دەفرۆشن.

لە بەشی سزادراوان رۆژانە لە كاتی دەوامی فەرمی كار دەكەن، كە تێیدا چەندان جۆر شتومەك دروست دەكەن، بەنموونە دروستكردنی مەدالیا، قەڵەم، لانك، چوارچێوەی قورئان و چەندان بابەتی تر و هەر بابەتێك داوا بكرێت، دروستی دەكەن.

  ئەوەی جیاوازە ئێستە كەلوپەل لە رێگەی ستاف و خێزانی سزادراوان دابین دەكرێت و بەڕێگە و شوێنی توندی تەناهی داخل دەكرێت، هەروەها بەرهەمەكانیان لە رۆژانی سەردانیكردن (مواجەهە) نمایش دەكرێن، بەشێكیش لەم بەرهەمانە لە دەرەوەی گرتووخانە بە بازاڕ دەكرێن و لە رێگەی پسوولەی تایبەتەوە دەفرۆشرێن.

هەرچی پێوەندیی بە داهاتی ئەو كارەی سزادراوانە، تەواوی داهاتەكە بۆ خۆیانە، هەموو كۆتایی مانگ لەلایەن ستافەوە دەژمێردرێت و پێیان دەدرێت، بەپێی ئەو رێنوێنییەی لە چاكسازیدا هەیە. بەشێك لە سزادراوان هاوكاریی خێزانەكانیان دەكەن لە رێگەی ئەو داهاتەی لە فرۆشی كاڵاكانیان دەستیان دەكەوێت، لە رێگەی ژووری ڕاسپاردەكان پارە دەنێرنەوە بۆ خێزانەكانیان.
 
ئامانجی ئەو كارە سەرقاڵكردنی سزادراوان و سوودوەرگرتنی مادی و مەعنەوییە بۆ سزادراو و خێزانەكانیان، هەروەها كەمكردنەوەی پەستانی دەروونیی سزادراو و دروستكردنی كەشێكی جیاواز لە چاكسازی و دووبارە شیاندنەوەی سزادراو بەمەبەستی ئامادەبوون و گەڕانەوەی بۆ ناو گۆمەڵگە.















وشە - رامیار جەواد