وردەكاریی جووڵە تەناهییەكانی بەرەبەیانیی ئەمڕۆی دەربەندیخان بڵاو دەبێتەوە

:: PM:02:58:28/05/2025 ‌
لە شارۆچكەی دەبەندیخان، هێزێكی پۆلیس، لە ماڵێكدا دەست بەسەر ژمارەیەكی زۆر تەقەمەنی و چەکێکدا دەگرن و سێ كەسیش لە ماڵەكەدا دەگرن. 

رووداوەكە بەمشێوەیە بووە، ماوەیەك لەمەوبەر كەسێك لە هەمان شوێن بە تۆمەتی دزی لەلایەن پۆلیسی نەهێشتنی تاوانەوە گیرا، دوای لێكۆڵینەوە گومان هەبووە كەسی تریشی لەگەڵدا بێت.

ئەمڕۆ چوارشەم 28ی ئایار، سەرچاوەیەك لە شارۆكەی دەبەندیخان، بۆ "وشە" گوتی، بەیانیی ئەمڕۆ لە ئۆپراسیۆنێكی هێزەکانی پۆلیسی سلێمانی و دەربەندیخان، بە ئامادەبوونی دادوەر و بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیس، لە ماڵێكدا سێ كەس گیراون. 

سەرچاوەكە گوتی، هەر ئەوەیش نا، بەڵكو دەستیش بەسەر چەك و کۆمەڵێک تەقەمەنی جیاوازدا گیراوە كە لە ماڵەكەدا هەبوون/ نازانرێت بۆ چ مەبەستێك ئامادە كراون/.

ئەو جووڵە تەناهییە خەڵكی دەربەندیخانی تووشی دڵەڕاوكێ كردبوو، ئێستە لەم هەواڵەی "وشە"وە دڵنیا دەبنەوە كە ڕووداوێكی ناڕوون بووە و بە ئۆپراسیۆن دەستی بەسەردا گیراوە. 

بە دیاریكراوی ئەو كەلوپەلانەی گیراون لە ماڵەكەدا ئەمانە بوون،" تی ئێن تی و چەرخ و جانتای بچووك و فیشەك و چەندان فلاش میۆری و بڕێك پارەیش لەچەندان شوێنی جیاجیای ماڵەكەدا بووە".

هەروەها سەرچاوەكە گوتی، لە ماڵەكەدا ژنێكی بەتەمەنی نەخۆش هەیە و كامێرای چاودێریش بوونی هەیە. 

 
دەربەندیخان نزیكەی 66 كیلۆمەتر لە سلێمانییەوە دوورە، لە ماوەی ڕابردوودا چەند كێشەیەكی تری تەناهیی لە سنوورەكەدا هەبووە، بەڵام هەرزوو كۆنترۆڵ كراوە.

 



وشە - سه‌رخێڵ هاشم