بەهۆی بڵاو بوونەوەی ئایدز و چەند حاڵەتێكی تری نەخۆشی لە هەرێمی كوردستان، لیژنەكانی چاودێرێكردنی بازاڕ، رێوشوێنەكانیان توندتر دەكەن، ئەوەیش دوای ئەوەی دەركەوتووە كە بەشێك لەو كارمەندە بیانیانە توشبووی نەخۆشین.
لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا، لە هەولێر ژمارەیەك لە ئارایشگا و شوێنی مەساج داخراون، بەگوێرەی راگەیەنراوی قایمقامییەتی هەولێر ئەو شوێنانە كەلوپەلی قەدەغەكراویان بەكار هێناوە.
بەگوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی چاودێری تەندروستیی هەولێر تەنیا ئەمساڵ 11 سەنتەری مەساج و 26 ئارایشگا داخراون. "وشە" زانیویەتی كە لەم هەفتەیەوە رێوشوێنەكان بەرانبەر ئەو شوێنانە توندتر كراون.
ئەمڕۆ پێنجشەم 29ی ئایار، د. ئیسماعیل شاهۆ بەڕێوەبەری بەشی چاودێریی تەندروستی لە بەشی سەلامەتی خۆراك و كاروباری پاراستنی تەندروستیی هەولێر، بۆ "وشە" گوتی، هەندێك لەو شوێنانەی كە ئەم هەفتەیە داخراون پێشتریش چەندان جاری تر سزای مادی دراون.
بە گوتەی بەڕێوەبەری بەشی چاودێریی تەندروستی ئەو سەنتەر و شوێنانە كە دەكەونە ناو ماڵان رێوشوێنیان بەرانبەر دەگیرێتە بەر دەبێت شوێنەكە تەواو گونجاو بێت بۆ كاركردن ئینجا رێگەپێدرانی پێ دەدرێت.
وشە/ دوین ئەحمەد