لەم سەردەمەدا زۆرینەی باسەكان دووپات لە گرنگدان بە مێینه دەكەنەوە، لە بەرانبەردا زۆر كەم باسی پیاو دەكرێت و بە تەواوی فەرامۆش كراوە. لە كاتێكدا گرنگیدان بە بابەتی خۆناسی و ناخی مرۆڤ و دواندنی رۆح بۆ مرۆڤ بە نێرومێوە بەهادارە، من پێچەوانەی شەپۆلە باوەكە، لەبارەی لایەنی ڕۆحیی پیاو دەدوێم، ئەگەر تۆی پیاو ئارەزووت هەیە ژیانێكی ئاسوودە و ئارام بكەی، پێویستە زیاتر بایەخ بە لایەنی گەشەپێدانی رۆحیی خۆت بدەی.
هەموو دەزانین ڕێژەیەكی زۆر لە پیاوان بیركردنەوەیان زیاتر بە واقیعەوە بەستراوە و تا پێیان بكرێت بەشێكیان دوور دەكەونەوە لەو لایەنانەی پێكهاتوون لە هەست و سۆز و ناوەرۆكی خۆیان، بەڵام ئەوە ڕەسەنایەتیی پیاو نییە، بەڵكوو وا ڕاهێنراون و فێر كراون. ئەو هەست و سۆزە جوانەی خوا بە مرۆڤی بەخشیوە، بەبێ جیاوازی بۆ هەردوو رەگەزە، بەڵام بە ڕێژەی جیاواز، لە كۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی بە تایبەتی لە كولتووری كوردیدا، ستەمی گەورە له پیاو كراوه و رێگەی پێ نادرێ خۆی بێ، بۆیە دەتوانین بڵێین پیاو هەستەكانی خۆی ون كردووە و ئەمە وایكردووە ناتوانن بە ئازادی و بە ئاسانی ناخی خۆیان دەرببڕن. سەرنج بدەن زۆرینەی پیاو بە حەسرەتن هەست و چیڕۆكی خۆیان دەڕببرن بە ئازادی، بەڵام ناوێرن، چونكە پێیان دەڵێن (عەیبە پیاو نابێت وابێت) رێگریی كراوە لەوەی بگرین یان لاواز دەربكەون، نامۆ كراوە گوزارشت لە ماندووبوونی دەروونی و جەستەیی و رۆحی خۆیان بكەن، رێگریی كراوه لەوەی داوای پشتگیریی بكەن، بۆیە بەگشتیی پیاوان بە بێدەنگی لەگەڵ هەستە ناخۆشەكانی خۆیان دەژین، باشە خۆ پیاو رۆبۆت نییە؟ ئەم هەموو دڵڕەقی و دابڕانە چییە خراوەتە ژیان و كەسایەتییانەوە؟
ئەو هۆكارە دەسكردانە وایانكردووە پیاوان نەتوانن لە هەستەكانی خۆیان تێبگەن، چونكە دابڕانێكی دەروونی دروست بووە و ناتوانن لە كەسایەتیی خۆیان بە باشی تێبگەن، ئیتر ناتوانن لە هەست و فكری ئافرەتیش تێبگەن، ئەمە وا دەكات ئافرەتیش بە ئاسانی لە پیاو تێنەگات و دواتریش دەبێتە هۆكارێك بۆ دروستبوونی كێشە لە پێوەندییەكانیاندا تەنانەت لەناو خێزانیش، بەڵام ئەم پرۆگرامكردنە (هەڵەیە) و زیانبەخشە، بۆیە دەبینین شتە ڕواڵەتییەكان پەرە دەسێنن و بە گشتیی مرۆڤ بۆشایی زۆر بووە، چونكە كەس ڕۆحی نادوێنێ، ئەمە بووەتە هۆی دروستبوونی دابڕانی رۆحی لە نێوان هەردوو رەگەز (پیاو و ژن)، لە كاتێكدا ئەمانە ڕاستی مرۆڤ نین و لە بێ ئاگایی و ناهۆشیارییەوە دروست كراون، ئەویش لەسەر بنەمای ترس و سەپاندنی هەندێك بیروباوەڕ و زۆرجاریش شوێنكەوتنی دۆخە باوەكان/مۆدێل كە زیانێكی زۆریان هەیە بۆ نەوەكانی داهاتوو، بۆیە گرنگە مرۆڤ بچێتەوە ناو خۆی و لە گفتوگۆ و دەربڕینەكانیدا قووڵ بێتەوە و ئازادی ڕەها بدات بە خۆی بۆ دەربڕینی حاڵەتە ناوەكی و تایبەتەكانی.
خوا به جوانی و بەتەواوی تۆی دروست كردووە و پێگەت هەیە لە بووندا، هەموو شتەكانی تر لە ژیاندا بۆت دروست كراوە و پەروەردە و خێزان و دەوروبەر ڕۆڵیان هەیە تێیدا، بەڵام دۆخە ناوەكییەكەت پڕە لە وزە و هەستی پاك و سۆزی میهرەبانانە، بۆیە گرنگە كار لەسەر لایەنی دەروونی و رۆحیی خۆت بكەی. لەبەرئەوە بە قووڵی بیر بكەرەوە و خۆت دەربڕە، ڕووبەڕووی ئەو بارە داسەپاوانە بە كە پیاو نابێ بگری و ناسك بێت، چونكە سروشتی مرۆڤ ئەوانەی تێدایە و كۆمەڵگە لێی سەندویتەتەوە، بەڵام كە خۆت ناسیی و هوشیاریت بەرز بوو، لە خۆتەوە دەست پێ بكە و بگری و پێبكەنە و قسە بكە و هیچ لە ناختدا مەهێڵەوە، بزانە دواتر چەند هەست بە ئارامی دەكەی.
بۆ كۆمەڵگەیەكی باشتر و نەرمونیان پێویستە هانی خێزانەكان بدەین لە سایكۆلۆجیای یەكتر تێبگەن، بۆ هەر تاكێكیش هەمیشە كاتی ئەوەیە كار لەسەر خۆت بكەیت و وزە و بیروباوەڕی نەرێنیت بگۆڕی، ئەمە بكە بزانە چەند جوانتر ژیان دەبینیت و چەند تێگەیشتوانە ژن دەناسیت و چەند نەرم لەگەڵ دنیای منداڵ تێكەڵ دەبی، تۆ هەوڵ بدە خۆت بی، دوور بكەوە لەو شەپۆله ژەهراوییانەی دەوروبەری بەسەریدا سەپاندووی، بە ئاگا وەرەوه ناخت چ درەوشانەوەیەكی تێدایە كە رۆحی خۆت دەدوێنی، ئیتر بۆچی دەبێت توندوتیژ بیت؟ من دڵنیام زۆرینەی ڕەهای پیاو میهرەبانن، بەڵام خۆیان ون كردووە و ئەو دیوەیان پەرە پێداوە كە داونەریت و كۆمەڵگە بۆیان دروست كردووە، بەڵام ڕاستیی ئەوەیە كە خۆت باشتری بۆ خۆت نەك خەڵك، كەواتە دەست پێ بكە و بچۆوە ناو خۆت، بزانە ئەوكات چێژ له مانای ژیان وەردەگریت و سەركەوتووتر دەبی. لە شۆڕشە ناوخۆییەتدا دوور بكەوە لەوانەی بەهات نازانن و لە هەست و سۆز و كەسایەتیی تۆ تێناگەن، ئەوان تۆیان بە مەرجی خۆیان دەوێ نەك تۆ وەك خۆت.
نووسینی/ سوزان بەشار