ئەمڕۆ دوو مانگ بەسەر خنكانی ئاڤێستا تێپەڕ دەبێت و تا ئێستە تەرمەكەی نەدۆزراوەتەوە

:: AM:11:01:04/06/2025 ‌
گەڕان بەدوای تەرمی ئاڤێستا ئەمڕۆ دەبێتە 60 رۆژ بەردەوامە و تا ئێستە نەدۆزراوەتەوە، باوك و براكەی و تیمی بەرگریی شارستانی، لە دۆزینەوەی تەرمەكەی بێ‌ هیوا نەبوونە.

ئەمڕۆ چوارشەم چواری حوزەیران، دەبێتە 60 رۆژ ئاڤێستا خنكاوە، كاتێك لە پێنجی نیسانی ئەمساڵ كەوتە ناو رووبار و تا ئێستە گەڕان بەدوای تەرمەكەی بەردەوامە.

پێشتر كاروان میراودەلی بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانی سۆران، بە "وشە"ـی راگەیاند، گەڕان بەدوای تەرمی ئاڤێستا بەردەوام دەبێت.

ئێستە تیمەكانی بەرگریی شارستانی و چەندان تیمی تر لە شارەكانی تر لەو شوێنەدا بەدوای تەرمی ئاڤێستا دەگەڕێن.

ئاڤێستا تەمەنی 27 ساڵە و دانیشتووی شاری هەولێرە، بۆ سەیران لەگەڵ خێزانەكەی رۆژی پێنجی مانگی نیسان چووبوونە بارزان، بەڵام كەوتە ئاوی رووبارەكەوە و تا ئێستەیش بێ‌ سەروشوێنە. 

چیرۆكی ئاڤێستا هەموو كوردستانی تەنی، باوكی چەندان جار دووپاتی لەوە كردووەتەوە، ئێستە پرسەكە هی ئەوان نییە و هی هەموو خەڵكی كوردستانە. 

دەست بە دوعا و پاڕانەوە بۆ خوا، رۆژانە ماڵباتی ئاڤێستا دەچنە رۆخی رووبارەكە و چاوەڕوانی دۆزینەوەی تەرمی ئاڤێستا دەكەن.

پێشتر مامۆستا فەخرەدین بەرزنجی كە مامی ئاڤێستایە، بۆ "وشە" گوتی، رووداوێكی نەخوازراو بوو، كاتێك لە سەیران بوون، لە دوای براكەی لە رووبارەكە ویستوویەتی بێتە دەرەوە، بەڵام دواتر نەیتوانیوە و ئاو بردوویەتی.

"ئاڤێستا گیان، جەرگی كاكەی، دڵم نایە لەوە زیاتر بنووسم، تەنیا داواكارم لە خوای گەورە بە هاناتەوە بێت، خزمان، دۆستان، ئازیزان تكایە دوعای خێرمان بۆ بكەن ئاڤۆ بدۆزرێتەوە". ئەمە پۆستی فەیسبووكی مامی ئاڤێستایە و داوای دوعای خێر دەكات.




وشە - رامیار جەواد