له ماوه‌ی مانگی رابردوودا لانی كه‌م نۆ چالاكی ژن ده‌ستبه‌سه‌ر كراون و حه‌وتی تر له‌لایه‌ن ده‌زگای دادوه‌ریی كۆماری ئیسلامیی ئێرانه‌وه، سزای زیندانیكردنیان به‌سه‌ردا سه‌پێنراوه. هه‌ر له ماوه‌ی مانگی ڕابردوودا لانی كه‌م 23 حاڵه‌تی ژنكوژی و پێنج حاڵه‌تی له‌سێداره‌درانی ژنان له شاره جیاوازه‌كانی ئێران و رۆژهه‌ڵاتی كوردستان تۆمار كراوه.
به‌گوێره‌ی رێكخراوی مافی مرۆڤی هه‌نگاو، له ماوه‌ی مانگی ڕابردوودا، لانی كه‌م نۆ چالاكی ژن له‌لایه‌ن ناوه‌نده ته‌ناهییه‌كانه‌وه ده‌ستبه‌سه‌ر كراون. له‌وانه‌ی گیراون لانی كه‌م پێنجیان له ژنانی چالاكی كورد و سێ ژن له كه‌مینه‌ی مه‌زه‌وی به‌هایی بوون.
حه‌وت چالاكی ژن له شاره جیاوازه‌كانی ئێران، سزای 29 ساڵ و چوار مانگ و چوار ڕۆژ به‌ندكردنیان به‌سه‌ردا سه‌پێنراوه، چواریان به‌هایی و یه‌كیان كورده و له‌لایه‌ن ده‌زگای دادوه‌ریی كۆماری ئیسلامیی ئێرانه‌وه سزای به‌ندكردنیان به‌سه‌ردا سه‌پێنراوه.
ده‌ستبه‌سه‌ركردن و سزادانی ژنان یه‌ك له شێوه جێكه‌وتووه‌كانی هه‌ڵاواردن له ده‌سه‌ڵاتی كۆماری ئیسلامیی ئێراندایه. له دوای شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی"ه‌وه گوشاره‌كان له‌سه‌ر چالاكانی ژن قه‌باره‌یه‌كی به‌ربڵاوتر و توندتری به‌خۆیه‌وه گرتووه. كۆماری ئیسلامی به‌شێوه‌یه‌كی ڕێكخراوانه به‌رده‌وام له كاتی هاتنه سه‌ركارییه‌وه هه‌وڵی داوه تا ئه‌و جێیه‌ی بۆی ده‌كرێت، گۆڕه‌پانی چالاكیی كۆمه‌ڵایه‌تی، سیاسی و مافی مرۆڤی بۆ ژنان سنووردارتر بكاته‌وه.
له ماوه‌ی مانگی ئایاردا سزای سێداره‌ی لانی كه‌م پێنج ژن له گرتووخانه‌كانی ئێران جێبه‌جێ كرا، دوو كه‌سیان به تۆمه‌تی پێوه‌ندیدار به ماده هۆشبه‌ره‌كان و سێ كه‌سی تر به تۆمه‌تی كوشتنی به ئه‌نقه‌سته‌وه، سزای سێداره‌یان به‌سه‌ردا سه‌پێنرابوو.
هه‌ر له مانی ئایاردا لانی كه‌م 23 ژن له شاره جیاوازه‌كانی ئێران كوژراون كه كوژرانی زۆربه‌یان به ده‌ستی كه‌سانی نزیكی خۆیان وه‌ك هاوژینه‌كه‌یانه‌وه ڕووی داوه.
به‌پێی ئه‌م ڕاپۆرته، 15 ژن له‌لایه‌ن هاوژینه‌كه‌یان و پێنج ژن له‌لایه‌ن خزمه‌كانیانه‌وه كوژراون، زانیارییه‌كی ورد له‌سه‌ر بكوژی سێ ژن له به‌رده‌ستدا نییه.
له سه‌رجه‌م ئه‌و 23 حاڵه‌ته ژنكوژییه، سێ حاڵه‌ت به پاساوی پاراستنی نامووس و شه‌ره‌ف كوژراون، 10 حاڵه‌ت به‌هۆی كێشه‌ی خێزانییه‌وه كوژراون. پێنج ژن به هۆی داوای جیابوونه‌وه، یه‌كێكیان به‌هۆی ڕه‌تكردنه‌وه‌ی داوای هاوسه‌رگیری و یه‌كێكی تر به‌هۆی دزی كوژراون، زانیارییه‌ك له‌سه‌ر هۆكاری كوژرانی دوو ژن له به‌رده‌ستدا نییه.
زۆرترین حاڵه‌ته‌كانی ژنكوژی له پارێزگای كرماشان بووه به پێنج حاڵه‌ت، له دوای ئه‌و تاران و فارس و سمنان دێن.
ته‌نیا له ساڵی پێشوودا 191 حاڵه‌تی ژنكوژی له ئێران‌دا تۆمار كراوه كه به‌شێكی هه‌ره زۆری ئه‌و كوشتنانه، له‌لایه‌ن ئه‌ندامانی بنه‌ماڵه و كه‌سانی نزیكی ئه‌و ژنانه‌وه ئه‌نجام دراون. یاسا و بیری دژه‌ژنانه، ڕقێكی قووڵ دژ به ژنان ئاسایی ده‌كاته‌وه و ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی كوشتنی ژنان به‌شێوه‌یه‌كی ئاساییتر و بێ تێچووتر ئه‌نجام بدرێت.