دوو به‌رپرسی گه‌وره‌ی پێشووی ئه‌مه‌ریكا ئاشكرایان كرد، وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا ئێسته خه‌ریكی تاوتوێی دابینكردنی 500 ملیۆن دۆلاره بۆ دامه‌زراوه‌ی غه‌زه بۆ مرۆیی. ئه‌و دامه‌زراوه‌یه سه‌رپه‌رشتیی ئه‌و هاوكارییانه ده‌كات كه ده‌گاته كه‌رتی غه‌زه، ئه‌و كه‌رته‌یش به‌هۆی جه‌نگه‌وه وێران بووه و هاووڵاتییانی تووشی برسێتیی زۆر بوون.
پێگه‌ی "شه‌رق ئه‌وسه‌ت" ئه‌مڕۆ شه‌موو حه‌وتی حوزه‌یران بڵاوی كردووه‌ته‌وه، دوو به‌رپرسی گه‌وره‌ی پێشووی ئه‌مه‌ریكا كه به‌هۆی هه‌ستیاریی پرسه‌كه نه‌یانویستووه ناویان ئاشكرا بكرێت، ئه‌وه‌یان ئاشكرا كردووه كه ئێسته وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا، خه‌ریكی تاوتوێی دابینكردنی 500 ملیۆن دۆلاره بۆ پاڵپشتیی دامه‌زراوه‌ی غه‌زه بۆ مرۆیی، ره‌نگه ئه‌و هه‌نگاوه ئه‌مه‌ریكاش تووشی كێشه بكاته‌وه، چه‌ند جارێكه ئیسرائیل ئه‌و شوێنانه بۆردمان ده‌كات كه هاوكاری ده‌گه‌یه‌ننه ئاواره‌كانی غه‌زه و ده‌یان ئاواره به‌هۆیانه‌وه كوژراون.
ئه‌و به‌رپرسه ئه‌مه‌ریكییانه ده‌ڵێن، ئه‌و پاره‌یه‌ی بۆ ئه‌و دامه‌زراوه‌یه دابین ده‌كرێت، له ئاژانسی ئه‌مه‌ریكی بۆ گه‌شه‌پێدانی نێوده‌وڵه‌تی بۆ ئه‌و كه‌رته‌ی فه‌له‌ستین ده‌گات كه ئه‌و ئاژانسه سه‌ربه وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكایه. دووپات ده‌كه‌نه‌وه ئه‌و پلانه‌ی ئه‌مه‌ریكا بێ كێشه نابێت كه له‌لایه‌ن ئیسرائیله‌وه چه‌ند جارێك هێرش كراوه‌ته سه‌ر ئه‌و ئاوارانه‌ی له شوێنی وه‌رگرتنی هاوكارییه‌كان له غه‌زه، نۆره‌یان به‌ستووه و زۆریان لێ كوژراون، بۆیه ئه‌و مه‌ترسییه هه‌ڕه‌شه ده‌بێت بۆ دامه‌زراوه‌ی غه‌زه بۆ مرۆیی.
ئه‌و دامه‌زراوه‌یه كه تازە دامه‌زراوه، له‌لایه‌ن رێكخراوه مرۆییه‌كانی تر ره‌خنه‌ی زۆری لێ ده‌گیرێت و له‌ناویاندا نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كانیش، له‌به‌رئه‌وه‌ی گومان له بێلایه‌نیی ده‌كرێت له دابه‌شكردنی هاوكارییه‌كان بۆ دوو ملیۆن و 300 دانیشتووی غه‌زه كه تووشی برسێتیی زۆر بوون، به‌ڵام ئه‌مه‌ریكا و ئیسرائیل پاڵپشتیی بێلایه‌نیی دامه‌زراوه‌كه ده‌كه‌ن، چونكه پێشتر ئه‌ندامانی حه‌ماس خزابوونه ناو ئه‌و ئاوارانه‌ی ده‌یانویست هاواكاریی وه‌ربگرن و سوودیان له نۆره‌ی ئاواره‌كان بۆ وه‌رگرتنی هاوكارییه‌كان وه‌رده‌گرت كه ئیسرائیل ئه‌و رێگه‌یه‌یان پێ نادات.
له‌ناو ئه‌م هه‌فته‌یه‌دا به‌ڕێوه‌به‌ری ئه‌و دامه‌زراوه‌یه دووجار ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌ی پێشكه‌ش كرد و دابه‌شكردنی هاوكارییه‌كانی راگرت، ئه‌ویش به‌هۆی ئه‌و جه‌نجاڵی و كێشمه‌كێشه‌ی خه‌ڵكی ئاواره له شوێنی وه‌رگرتنی هاوكارییه‌كان دروست بوو. به‌ڵام وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا تا ئێسته وه‌ڵامی داواكارییه‌كانی دامه‌زراوه‌كه‌ی نه‌داوه‌ته‌وه.
له كاتێكدا ئه‌مه‌ریكا و ئیسرائیل ده‌ڵێن پاڵپشتیی دارایی دامه‌زراوه‌كه ناكه‌ن، كه‌چی هه‌ردوو لایه‌ن پاڵه‌په‌ستۆ ده‌خه‌نه سه‌ر نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان و رێكخراوه‌كانی مرۆیی نێوده‌وڵه‌تی تا كار له‌گه‌ڵ دامه‌زراوه‌ی غه‌زه بۆ مرۆیی بكه‌ن.
به‌رپرسێكی گه‌وره‌ی پێشووی ئه‌مه‌ریكا گوتی، پێشنیاری دابینكردنی 500 ملیۆن دۆلار بۆ دامه‌زراوه‌كه، له‌لایه‌ن جێگری به‌ڕێوه‌به‌ری ئاژانسی ئه‌مه‌ریكی بۆ گه‌شه‌پێدانی نێوده‌وڵه‌تی كین جاكسن بووه. هه‌مان سه‌رچاوه ئه‌وه‌ش ده‌ڵێ كه ئیسرائیل داوای ئه‌و پاره‌یه‌ی كردووه تا بتوانێ گره‌نتی چالاكییه‌كانی دامه‌زراوه‌كه بكات بۆ 180 رۆژ تا هاوكارییه‌كان بگه‌نه ئاواره‌كان نه‌ك بگه‌نه حه‌ماس.
له‌لایه‌كی تریشه‌وه به‌رپرسانی نه‌خۆشخانه‌كانی غه‌زه رایان گه‌یاند، له یه‌ك و سێ ئه‌م مانگه "حوزه‌یران"، 80 ئاواره كه له نۆره‌ی وه‌رگرتنی هاوكارییه‌كانی ئه‌و دامه‌زراوه‌ی غه‌زه بۆ مرۆیی بوون، له‌لایه‌ن ئیسرائیله‌وه كوژراون.
له‌وه‌ته‌ی دامه‌زراوه‌ی غه‌زه بۆ مرۆیی دامه‌زراوه، سێ سه‌نته‌ری بۆ وه‌رگرتنی هاوكاری مرۆیی له ته‌واوی غه‌زه كردووه‌ته‌وه، به‌ڵام له ماوه‌ی دوو رۆژی رابردووه‌وه، ته‌نیا دوو سه‌نته‌ری له‌كار ماون و یه‌كیان داخراوه.
له حه‌وتی تشرینی یه‌كه‌می 2023 به ده‌ستپێشخه‌ریی حه‌ماس، جه‌نگی غه‌زه ده‌ستی پێ كرد و له رۆژی یه‌كه‌می جه‌نگدا سه‌رووی هه‌زار و 200 ئیسرائیلی گیانیان له ده‌ست دا و سه‌رووی 200 كه‌سی تر به بارمته گیران. ئه‌و رووداوه به رووداوێكی كاره‌ساتبار بۆ جووه‌كان له‌وه‌ته‌ی رووداوی هۆڵۆكۆسته‌وه هه‌ژمار كرا، بۆیه په‌رچه‌كرداری توندی لێ كه‌وته‌وه.
له‌و كاته‌وه سوپای ئیسرائیل له ئاسمان و زه‌وییه‌وه غه‌زه بۆردمان ده‌كات كه به‌هۆیه‌وه شاره‌كه به ته‌واوی وێران بووه و دانیشتووانی شاره‌كه جگه له‌وه‌ی كه ده‌یان هه‌زاریان لێ كوژراوه، له ژیانێكی زۆر سه‌ختدا ده‌ژین. دواین ئاماری وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیی فه‌له‌ستینیش، باس له كوژرانی نزیكه‌ی 50 هه‌زار فه‌له‌ستینی ده‌كات و زیاتر له 112 هه‌زار كه‌سیش بریندار بوون.
له‌لایه‌كی تره‌وه به‌پێی دوای ئاماری ئیسرائیل نزیكه‌ی هه‌زار و 500 كه‌س كوژراون. زۆربه‌ی قوربانییه‌كانی ئیسرائیل پێوه‌ندی به یه‌كه‌م رۆژی هێرشه‌كه‌ی حه‌ماس هه‌یه كه به‌هۆیه‌وه هه‌زار و 200 كه‌س كوژران و زۆربه‌یان خه‌ڵكی سڤیل بوون، له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌دا زیاتر له 200 ئیسرائیلی له‌لایه‌ن حه‌ماسه‌وه به بارمته گیران و له‌و كاته‌وه ته‌نیا 81 بارمته‌یان ئازاد كراون.
ئێواره‌ی چوارشه‌م 15ی كانوونی دووه‌م، بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماس و ئیسرائیل به ناوه‌ندگیریی قه‌ته‌ر، ئه‌مه‌ریكا و میسر، ئاگربه‌ستیان ڕاگه‌یاند و چووه بوارى جێبه‌جێكردنه‌وه كه رێككه‌وتنه‌كه به سێ قۆناغ جێبه‌جێ ده‌كرێت.
ئێسته‌یش ئاگربه‌ستی نێوانی هه‌ردوولا به‌كۆتا هاتووه، ئیسرائیل ماوه‌یه‌كه ده‌ستی به هێرشه‌كانی كردووه‌ته‌وه و زیانی زۆری به حه‌ماس و كه‌رته‌كه گه‌یاندووه.