پۆلیسی ئەڵمانیا ڕای گەیاند، پیاوێک بە ئۆتۆمبێلەکەی خۆی بە کۆمەڵێک پیادەدا کێشاوە، بەهۆیەوە لانیکەم پێنج کەس برینداربوون، کە ژن و کچەکەی خۆی لەنێویاندا بوون.
پۆلیس ڕوونی کردووەتەوە، ڕووداوەکە ئەگەری هەیە پێوەندیی بە کێشەیەکی خێزانییەوە هەبێت، پۆلیس پێی وایە کارەکە "بەئەنقەست" بووە.
بەپێی زانیارییە
سەرەتاییەکان، ژنی شۆفێرەکە تەمەنی 38 ساڵە لەگەڵ کچە پێنج ساڵانەکەی، لەناو ئەو کۆمەڵە کەسەدا بوون کە هێرشەکەیان کراوەتە سەر، هەردووکیان لەنێو بریندار بوونە و تا ئێستە ئاستی سەختیی برینەکانیان نازانرێت.
شۆفێرەکە تەمەنى 48 ساڵە و پۆلیسی لێکۆڵینەوەی تاوان گرتوویەتى و دەستی بە لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە کردووە. لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیشدا وێنەی ئۆتۆمبێلێکی جۆری "مێرسیدس" بڵاو بووەتەوە کە زیانی پێگەیشتووە و وا دەردەکەوێت هی هێرشبەرەکە بێت.
جێی ئاماژەیە، لە مانگی شوباتی ڕابردووشدا ڕووداوێکی هاوشێوە لە شاری میونشن ڕوویدا، کاتێک ئۆتۆمبێلێک خۆی بە کاروانێکی خەڵکانى ناڕازیدا کێشا و بەهۆیەوە ژمارەیەک کەس بریندار بوون، کە دواتر دوو کەسیان کە ژنێک و کچە بچووکەکەی بوون لە نەخۆشخانە گیانیان لەدەست دا.