گوتەبێژى وەزارەتى ئەوقاف و کاروباری ئاینیی هەرێمى کوردستان ڕای گەیاند، سەرجەم حاجییانى کورد سەلامەتن و سبەینێش ئەرکەکانى حەج کۆتایی پێ بێت.
ئەمشەو، حەوتى حوزەیرانى 2025، نەبەز ئیسماعیل، گوتەبێژى وەزارەتى ئەوقاف و کاروبارى ئاینی لە لێدوانێکى تایبەت لە وڵاتى سعوودیەوە بە "وشە" راگەیاند، سەرجەم حاجییانى کورد تەندروست و سەلامەتن و تا ئێستە هیچ حاڵەتێکى مردن لەناو حاجییانى کورد تۆمار نەکراوە.
گوتیشی، ئەمشەو دووەمین شەوە کە حاجییان لە "مینا" دەمێننەوە تا سبەی سەعات دوو رەجمى دووەمى شەیتان دەکەن و ئەرک و واجباتى ڕێوڕەسمى حاجییان کۆتایی پێ دێت.
لەبارەى کاتى گەڕانەوەى حاجییانى کوردستان گوتەبێژەکە گوتى، ژمارەى حاجییان بە کۆى گشتى 5136 حاجییە و بە هەردوو شێوازی وشکانى و ئاسمانى حاجییان دەگەڕێنەوە، 12ی ئەم مانگە کاروانى وشکانى بەڕێ دەکەون کە بە 70 پاس دەگەڕێنەوە و ژمارەیان 1445 حاجییە، گەڕانەوەى کاروانى ئاسمانیش ڕێکەوتى لە 14ی مانگ دەست پێ دەکات و تا ڕێکەوتى 20ی ئەم مانگە هەموو حاجییانی کورد دەگەنەوە کوردستان.