ئەمڕۆ دووشەم نۆی حوزەیرانی 2025، گەشتیارێکی گەنجی عەرەب کە تەمەنی نزیکەی 25 ساڵە، لە کاتی مەلەکردندا لە ئاوەکانی گەلی شێرانە لە سنووری شارۆكەی ئامێدی خنکا.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست "نەوزاد هلووری" پەیامنێری "وشە" لە دهۆك کەوتوون، گەشتیارەکە خەڵکی پارێزگاکانی خوارووی عێراقە و بەمەبەستی گەشتوگوزار سەردانی ناوچەکەی کردووە.
هەر بە پێی زانیارییە سەرەتاییەكان دوای ڕووداوەکە، تەرمی گەنجەکە دەرهێنراوەتەوە و بۆ پزیشکی دادی ئامێدی گوازراوەتەوە بەمەبەستی تەواوکردنی ڕێکارە یاساییەکان.
گەلی شێرانە یەکێکە لە هاوینەهەوارە ناسراو و سەرنجڕاکێشەکانی کوردستان کە ساڵانە، بەتایبەت لە وەرزی گەرمادا، پێشوازی لە هەزاران گەشتیاری ناوخۆ و دەرەوە دەکات.