نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پەیامێكی سەرەخۆشیی بۆ كۆچی دوایی، كەریم شەنگالی وەزیری پێشووی ناوخۆ، بڵاو كردەوە.
نێچیرڤان بارزانی، رای گەیاند، لە ناخەوە سەرەخۆشی و هاوخەمیی قووڵم بۆ كۆچی دوایی خوالێخۆشبوو كەریم شەنگالی، تێكۆشەر و سەركردەی دیاری پارتی دیموكراتی كوردستان و وەزیری پێشووی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پێشكەش بە خانەوادە و كەسوكار و هاوڕێیان و هاوسەنگەرانی دەكەم. لە خوای مەزن داواكارم گیانی بە بەزەیی و میهرەبانیی خۆی شاد بكات و ئارامی و دڵنەوایی بە هەمووان ببەخشێت.
"خوالێخۆشبوو، كەریم شەنگالی وەك پەروەردەی بنەماڵەیەكی نیشتمانپەروەر، تەمەنێكی درێژی بە خەبات و پێشمەرگایەتی و كاری دڵسۆزانە لەپێناو دۆزی گەل و وڵاتەكەیدا بەسەر برد و ماندووبوون و ڕەنجێكی زۆری لە ڕۆژانی سەختی شۆڕش و بەرەنگاربوونەوەدا كێشا، لە دوای ڕاپەڕینیشەوە بەردەوام و بێ بڕانەوە لە ئەركدا بووە". سەرۆكی هەرێمی كوردستان وا دەڵێ.
هەروەها دەڵێ، ئەزموونی كەسی و نزیكم لەگەڵ خوالێخۆشبوو، كەریم شەنگالی و چەندان ساڵ پێكەوە كاركردن، شاهێدی ئەوەیە كە ئەو هەمیشە بە پاكی و دڵسۆزی و بە گیانێكی بەرزی بەرپرسیارییەتی و نیشتمانپەروەرییەوە، كاری دەكرد و دەیویست بە باشترین شێوە خزمەت بە گەل و وڵاتەكەی بكات.
كەریم شەنگالی، وەزیری پێشووی ناوخۆ، دوای ململانێیەكی زۆر لەگەڵ نەخۆشی، ئەمڕۆ لە تەمەنی 75 ساڵیدا كۆچی دوایی كرد.